یه‌حیا 1

وشه‌ی خودا

1 له‌ سه‌ره‌تادا، وشه‌كه‌ بوو، وشه‌كه‌ له‌لای خودا بوو، وشه‌كه‌ش خودا بوو. 2 ئه‌و‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌لای خودا بوو. 3 هه‌موو شتێك به‌و به‌دیهاتووه‌، بێ ئه‌و هیچ شتێك به‌دی نه‌هاتووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌دیهاتوون. 4 ژیان له‌ ئه‌ودا بوو، ژیانه‌كه‌ش ڕووناكی مرۆڤ بوو، 5 ڕووناكیه‌كه‌ش له‌ تاریكی‌دا ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و تاریكییه‌كه‌ تێی‌نه‌گه‌یشت. 6 مرۆڤێك هات كه‌ خودا ناردبووی، ناوی یه‌حیا بوو. 7 ئه‌و بۆ شایه‌تی هات، تاكو شایه‌تی بۆ ڕووناكییه‌كه‌ بدات، تاكو هه‌موو به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ باوه‌ڕ بهێنن. 8 ئه‌و ڕووناكییه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو هات تاكو شایه‌تی بۆ ڕووناكییه‌كه‌ بدات. 9 ئه‌و ڕووناكییه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه‌ هه‌موو مرۆڤێك ڕووناك ده‌كاته‌وه‌، ده‌هاته‌ جیهان. 10 ئه‌و له‌ جیهان‌دا بوو، جیهانیش به‌و به‌دیهات، كه‌چی جیهان نه‌یناسی. 11 بۆ لای ئه‌وانه‌ی خۆی هات، ئه‌وانه‌ی خۆی پێشوازییان لێی نه‌كرد. 12 به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشوازییان لێی كرد، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، مافی پێ‌دان ببنه‌ منداڵی خودا، 13 ئه‌وانه‌ی نه‌ به‌ سروشت له‌دایك بوون، نه‌ به‌ ویستی جه‌سته‌، نه‌ به‌ ویستی پیاویش، به‌ڵكو له‌ خوداوه‌ له‌دایك بوون. 14 وشه‌كه‌ش بووه‌ جه‌سته‌ و له‌ ناومان‌دا نیشته‌جێ بوو. شكۆی ئه‌ومان بینی، وه‌ك شكۆی تاقانه‌یه‌ك له‌ باوكه‌كه‌وه‌، پڕ له‌ نیعمه‌ت و ڕاستی. 15 یه‌حیا شایه‌تی بۆ دا، هاواری كرد: (ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وتم: ئه‌وه‌ی دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ له‌پێش من بووه‌.) 16 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موومان له‌ پڕی ئه‌و نیعمه‌ت له‌سه‌ر نیعمه‌تمان وه‌رگرت. 17 چونكه‌ ته‌ورات به‌هۆی موساوه‌ درا، به‌ڵام نیعمه‌ت و ڕاستی به‌هۆی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ هات. 18 هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌، به‌ڵام تاقانه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی له‌ باوه‌شی باوكه‌كه دایه‌، ئه‌و ده‌ریخست.

شایه‌تیدانی یه‌حیا

19 ئه‌مه‌ش شایه‌تییه‌كه‌ی یه‌حیایه‌، كاتێ جوله‌كه‌ی ئۆرشه‌لیم كاهین و لێڤییان نارده‌ لای پرسیاری لێ بكه‌ن: (تۆ كێیت؟) 20 ئه‌و دانی پیانا و نكۆڵی نه‌كرد، به‌ڵكو وتی: (من مه‌سیحه‌كه‌ نیم.) 21 ئینجا لێیان پرسی: (ئه‌ی كێیت؟ ئه‌لیاسی؟) وتی: (نا، ئه‌و نیم.) (ئه‌ی تۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی؟) وتی: (نه‌خێر.) 22 ئینجا پێیان وت: (باشه‌ تۆ كێیت؟ تاكو وه‌ڵامێك بده‌ینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێمه‌یان ناردووه‌، ده‌رباره‌ی خۆت چی ده‌ڵێی؟) 23 وتی: (من {ده‌نگی بانگده‌رێكم كه‌ له‌ چۆڵه‌وانی هاوارده‌كات: "ڕێگای خوداوه‌ند ته‌خت بكه‌ن"}، وه‌ك ئیشایای پێغه‌مبه‌ر وتوویه‌تی.) 24 نێردراوانیش له‌ فه‌ریسییه‌كان بوون، 25 پرسیاریان لێ‌كرد: (ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌ نیت و ئه‌لیاس نیت و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ش نیت، ئیتر بۆچی خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشیت؟) 26 یه‌حیاش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (من له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشم، به‌ڵام یه‌كێك له‌نێوانتان ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ نایناسن، 27 ئه‌و دوای من دێت، من شایسته‌ نیم ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌.) 28 ئه‌مانه‌ له‌ بێت‌عه‌نیا ڕووی‌دا، له‌وبه‌ری ئوردونه‌وه‌، له‌و شوێنه‌ی یه‌حیا خه‌ڵكی له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشا.

به‌رخی قوربانی خودا

29 بۆ به‌یانی یه‌حیا بینی عیسا دێته‌ لای، وتی: (ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا، ئه‌وه‌ی گوناهی جیهان لاده‌بات! 30 ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باسم كرد، پیاوێك دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ پێش من بووه‌. 31 منیش نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام تاكو ئه‌و بۆ ئیسرائیل ده‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ هاتووم خه‌ڵكی له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشم.) 32 یه‌حیا شایه‌تی دا: (بینیم ڕۆحی پیرۆز وه‌ك كۆترێك له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ و له‌سه‌ری نیشته‌وه‌. 33 من نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی ناردووه‌ خه‌ڵك له‌ئاوهه‌ڵكێشم، پێی‌ووتم: "ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت ڕۆحه‌كه‌ دێته‌ خواره‌وه‌ و له‌سه‌ری ده‌نیشێته‌وه‌، ئه‌و به‌ ڕۆحی پیرۆز باپتیزتان ده‌كات." 34 خۆم بینیم و شایه‌تیم دا كه‌ ئه‌مه‌ كوڕی خودایه‌.)

قوتابییه‌ یه‌كه‌مینه‌كان

35 بۆ به‌یانی دیسان یه‌حیا له‌گه‌ڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوه‌ستا بوو، 36 عیسای بینی ده‌ڕۆیشت، وتی: (ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا!) 37 دوو قوتابییه‌كه‌ گوێیان لێی‌بوو قسه‌ی ده‌كرد، دوای عیسا كه‌وتن. 38 عیسا ئاوڕی دایه‌وه‌ و بینی به‌ دوای‌دا دێن، فه‌رمووی: (چیتان ده‌وێت؟) پێیان وت: (ڕابی - واتا مامۆستا - له‌كوێ ده‌مێنیته‌وه‌؟) 39 پێی فه‌رموون: (وه‌رن، ته‌ماشا بكه‌ن.) بۆیه‌ ئه‌وانیش ڕۆیشتن و بینییان له‌كوێ ده‌مایه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ش له‌گه‌ڵی مانه‌وه‌، نزیكه‌ی كاتژمێر چواربوو. 40 ئه‌ندراوسی برای شیمۆن په‌ترۆس، یه‌كێك بوو له‌و دووانه‌ی كه‌ گوێیان له‌ یه‌حیا بوو و دوای عیسا كه‌وتن. 41 یه‌كه‌م جار شیمۆنی برای دۆزییه‌وه‌، پێی‌ووت: (مه‌سیامان دۆزییه‌وه‌) - واتا مه‌سیح. 42 هێنایه‌ لای عیسا. عیساش ته‌ماشای كرد و فه‌رمووی: (تۆ شیمۆنی كوڕی یۆنای، به‌ڵام بانگ ده‌كرێیت كێفاس.) - واتا په‌ترۆس. 43 بۆ به‌یانی عیسا ویستی بچێته‌ جه‌لیل، فیلیپۆسی دۆزییه‌وه‌، پێی فه‌رموو: (دوام بكه‌وه‌.) 44 فیلیپۆس خه‌ڵكی بێت‌سه‌یدا بوو، شاره‌كه‌ی ئه‌ندراوس و په‌ترۆس. 45 فیلیپۆسیش نه‌سه‌نئیلی دۆزییه‌وه‌، پێی‌ووت: (ئه‌وه‌ی كه‌ موسا له‌ ته‌ورات و پێغه‌مبه‌رانیش له‌ سیپاره‌كانیان له‌سه‌ریان نووسیوه‌ دۆزیمانه‌وه‌، عیسای كوڕی یوسفی خه‌ڵكی ناسیره‌یه‌.) 46 نه‌سه‌نئیل پێی‌ووت: (ئایا له‌ ناسیره‌ شتی چاك هه‌ڵده‌كه‌وێ؟) فیلیپۆس پێی‌ووت: (وه‌ره‌ و ببینه‌.) 47 عیسا نه‌سه‌نئیلی بینی بۆ لای دێت، ده‌رباره‌ی فه‌رمووی: (ئه‌وه‌تا ئیسرائیلی به‌ ڕاستی، فێڵی تێدا نییه‌!) 48 نه‌سه‌نئیل پێی‌ووت: (چۆن ده‌مناسیت؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (پێش ئه‌وه‌ی فیلیپۆس بانگت بكات، له‌ ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ بوویت، تۆم بینی.) 49 نه‌سه‌نئیل وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ڕابی، تۆ كوڕی خودایت! پاشای ئیسرائیلیت!) 50 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (باوه‌ڕت هێنا، چونكه‌ پێم وتیت له‌ ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ تۆم بینی؟ شتی گه‌وره‌تر ده‌بینیت!) 51 ئینجا پێی فه‌رموو: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، ده‌بینن ئاسمان كراوه‌ته‌وه‌ و فریشته‌ی خوداش له‌سه‌ر كوڕی مرۆڤ سه‌رده‌كه‌ون و داده‌به‌زن.)

یه‌حیا 2

شایی له‌ قانا

1 له‌ ڕۆژی سێیه‌م له‌ قانای جه‌لیل شاییه‌ك هه‌بوو، دایكی عیساش له‌وێ بوو. 2 عیسا و قوتابییه‌كانیشی بۆ شاییه‌كه‌ بانگ‌كرابوون. 3 كاتێ شه‌راب ته‌واو ده‌بوو، دایكی به‌ عیسای وت: (شه‌رابیان نییه‌!) 4 عیساش پێی فه‌رموو: (ژنه‌كه‌، چیت له‌ من ده‌وێ‌؟ هێشتا كاتی من نه‌هاتووه‌!) 5 ئینجا دایكی به‌ خزمه‌تكارانی وت: (هه‌رچییه‌كتان پێ ده‌ڵێ، بیكه‌ن.) 6 شه‌ش كوپه‌ی به‌ردین به‌گوێره‌ی پاككردنه‌وه‌ی جوله‌كه‌ له‌وێ دانرابوون، هه‌ریه‌كه‌ی هه‌شتا تا سه‌د و بیست لیتریان ده‌گرت. 7 جا عیسا پێی فه‌رموون: (كوپه‌كان پڕ بكه‌ن له‌ ئاو.) ئه‌وانیش كوپه‌كانیان تا سه‌ر پڕكرد. 8 ئینجا پێی فه‌رموون: (ئێستا لێی ده‌ربهێنن و بۆ گه‌وره‌ی شاییه‌كه‌ی ببه‌ن!) ئه‌وانیش بردییان. 9 كاتێ گه‌وره‌ی شاییه‌كه‌ تامی ئه‌و ئاوه‌ی كرد كه‌ ببووه‌ شه‌راب، سه‌رچاوه‌كه‌ی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام خزمه‌تكاران ده‌یانزانی، ئه‌وانه‌ی ئاوه‌كه‌یان ده‌رهێنابوو، ئه‌وسا گه‌وره‌ی شاییه‌كه‌ زاوای بانگ‌كرد و 10 پێی‌ووت: (هه‌موو كه‌س یه‌كه‌م جار شه‌رابه‌ چاكه‌كه‌ داده‌نێن، كاتێ مه‌ست بوون، ئینجا خراپه‌كه‌. به‌ڵام تۆ تا ئێستا شه‌رابه‌ چاكه‌كه‌ت هێشتۆته‌وه‌!) 11 ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای نیشانه‌كانه‌ كه‌ عیسا له‌ قانای جه‌لیل كردی و شكۆی خۆی ده‌رخست، قوتابییه‌كانیشی باوه‌ڕیان پێی هێنا. 12 دواتر له‌گه‌ڵ دایكی و برایانی و قوتابییه‌كانی به‌ره‌و كه‌فه‌رناحوم دابه‌زین، چه‌ند ڕۆژێك له‌وێ مانه‌وه‌.

پاكسازی په‌رستگا

13 كه‌ جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوله‌كه‌ نزیك‌بۆوه‌، عیسا چووه‌ ئۆرشه‌لیم. 14 له‌ په‌رستگا فرۆشیارانی گا و مه‌ڕ و كۆتری بینی، پاره‌گۆڕه‌وانیش دانیشتبوون. 15 قامچییه‌كی له‌ گوریس دروستكرد و هه‌مووانی له‌ په‌رستگا ده‌ركرد، مه‌ڕ و گا پێكه‌وه‌. پاره‌ی پاره‌گۆڕه‌وانی په‌رش‌وبڵاو كرده‌وه‌‌‌‌ و مێزه‌كانی وه‌رگێڕا، 16 ئینجا به‌ كۆترفرۆشانی فه‌رموو: (ئه‌م شتانه‌ لێره‌ هه‌ڵگرن! ماڵی باوكم مه‌كه‌نه‌ بازاڕ!) 17 جا قوتابییه‌كانی بیریان‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ نووسراوه‌: {دڵگه‌رمی بۆ ماڵه‌كه‌ت ده‌مسوتێنێت}. 18 جوله‌كه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (چ نیشانه‌یه‌كمان پیشان ده‌ده‌یت تاكو ئه‌م شتانه‌ بكه‌یت!) 19 عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌م په‌رستگایه‌ بڕوخێنن، به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌.) 20 ئینجا جوله‌كه‌كان وتیان: (ئه‌م په‌رستگایه‌ به‌ چل و شه‌ش ساڵ بنیادنراوه‌، تۆ به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵیده‌ستێنیته‌وه‌؟) 21 به‌ڵام ئه‌و باسی په‌رستگای له‌شی خۆی ده‌كرد. 22 بۆیه‌ كاتێ له‌ناو مردووان هه‌ڵستایه‌وه‌، قوتابییه‌كانی بیریان‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی وتبوو، ئینجا باوه‌ڕیان‌هێنا به‌ نووسراوه‌كه‌ و به‌و قسه‌یه‌ی عیسا فه‌رمووی. 23 كه‌ له‌ جه‌ژنی په‌سخه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم بوو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، چونكه‌ نیشانه‌كانیان ده‌بینی كه‌ ده‌یكرد. 24 به‌ڵام عیسا له‌لای خۆیه‌وه‌ متمانه‌ی پێ نه‌كردن، چونكه‌ هه‌مووی ده‌ناسی. 25 له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویستی به‌ كه‌س نه‌بوو ده‌رباره‌ی مرۆڤ شایه‌تی بۆ بدات، چونكه‌ ده‌یزانی مرۆڤ چی تێدایه‌.

یه‌حیا 3

له‌دایكبوون له‌ ڕۆح

1 پیاوێك له‌ فه‌ریسییه‌كان هه‌بوو به‌ ناوی نیقۆدیمۆس، یه‌كێك بوو له‌ ڕا‌به‌رانی جوله‌كه‌. 2 به‌ شه‌و هاته‌ لای عیسا و پێی‌ووت: (ڕابی، ده‌زانین تۆ مامۆستایه‌كی له‌لای خوداوه‌ هاتوویت، چونكه‌ كه‌س ناتوانێت ئه‌و نیشانانه‌ بكات كه‌ تۆ ده‌یكه‌یت، ئه‌گه‌ر خودای له‌گه‌ڵ نه‌بێت.) 3 عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ڕاستی ڕاستیت پێ ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌دایك نه‌بێته‌وه‌، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.) 4 نیقۆدیمۆس پێی‌ووت: (مرۆڤ كه‌ پیر بێت چۆن ده‌توانێت له‌دایك بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێته‌وه‌ سكی دایكی و له‌دایك بێته‌وه‌؟) 5 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ڕاستی ڕاستیت پێ ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ ئاو و له‌ ڕۆحی پیرۆز له‌دایك نه‌بێت، ناتوانێت بچێته‌ ناو شانشینی خودا. 6 ئه‌وه‌ی له‌ جه‌سته‌ له‌دایك بووه‌ جه‌سته‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ ڕۆحه‌كه‌ له‌دایك بووه‌ ڕۆحه‌. 7 سه‌رسام مه‌به‌ كه‌ پێم وتی: "ده‌بێ له‌دایك ببنه‌وه‌." 8 با بۆ كوێی بووێت هه‌ڵده‌كات و گوێت له‌ ده‌نگه‌كه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام نازانیت له‌كوێوه‌ دێت و بۆ كوێ ده‌چێت. هه‌ر كه‌سێكیش له‌ ڕۆحه‌كه‌ له‌دایك بووه‌ ئاوایه‌.) 9 نیقۆدیمۆس وتی: (چۆن ده‌كرێ ئه‌مانه‌ ڕووبده‌ن؟) 10 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (تۆ مامۆستایه‌كی ئیسرائیلی و ئه‌مانه‌ش نازانیت؟ 11 ڕاستی ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ده‌یزانین ده‌یڵێین و ئه‌وه‌ی ده‌یبینین شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ین، ئێوه‌ش شایه‌تیمان په‌سه‌ند ناكه‌ن. 12 باسی شته‌ زه‌مینییه‌كانم بۆتان كرد و باوه‌ڕ ناكه‌ن، ئیتر چۆن باوه‌ڕ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر باسی شته‌ ئاسمانییه‌كانتان بۆ بكه‌م؟ 13 كه‌س سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ بۆ ئاسمان جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ئاسمان هاتۆته‌ خواره‌وه‌، كوڕی مرۆڤ. 14 وه‌ك موسا له‌ چۆڵه‌وانی ماره‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌، ئاواش ده‌بێ كوڕی مرۆڤ به‌رز بكرێته‌وه‌، 15 تاكو هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت ژیانی تاهه‌تایی هه‌بێت.

خۆشه‌ویستی خودا بۆ جیهان

16 چونكه‌ خودا به‌م جۆره‌ جیهانی خۆش‌ویست، ته‌نانه‌ت كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی به‌خت‌كرد، تاكو هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت له‌ناو نه‌چێت، به‌ڵكو ژیانی تاهه‌تایی هه‌بێت. 17 چونكه‌ خودا كوڕه‌كه‌ی نه‌نارده‌ جیهان تاكو جیهان حوكم بدات، به‌ڵكو تاكو جیهان به‌وه‌وه‌ ڕزگاری ببێت. 18 ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بهێنێت حوكم نادرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ ناهێنێ ئه‌وا حوكم دراوه‌، چونكه‌ باوه‌ڕی به‌ ناوی كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی خودا نه‌هێناوه‌. 19 ئه‌مه‌ش حوكمه‌كه‌یه‌: ڕووناكییه‌كه‌ هاته‌ جیهان و خه‌ڵك له‌ جیاتی ڕووناكییه‌كه‌ تاریكییه‌كه‌یان خۆش‌ویست، چونكه‌ كرده‌وه‌یان خراپ بوو. 20 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك خراپه‌ بكات ڕقی له‌ ڕووناكییه‌كه‌یه‌ و نایه‌ته‌ لای ڕووناكییه‌كه‌، نه‌وه‌ك كرده‌وه‌كانی ئاشكرا بێت. 21 به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ڕاستی ده‌ڕوات، دێته‌ لای ڕووناكییه‌كه‌، تاكو ده‌ربكه‌وێت كه‌ كرده‌وه‌كانی له‌ خوداوه‌ كراون.)

عیسا و شایه‌تی یه‌حیا

22 دوای ئه‌مانه‌ عیسا و قوتابییه‌كانی هاتنه‌ خاكی یه‌هودیا، له‌وێ له‌گه‌ڵیان مایه‌وه‌ و خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵكێشا. 23 یه‌حیاش له‌ ئه‌ینونی نزیك سالیم خه‌ڵكی له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشا، چونكه‌ له‌وێ ئاو زۆر بوو، ئیتر ده‌هاتن و له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشران. 24 چونكه‌ هێشتا یه‌حیا فڕێ‌نه‌درابووه‌ زیندانه‌وه‌. 25 له‌وێ ده‌رباره‌ی پاككردنه‌وه‌ گفتوگۆیه‌ك كه‌وته‌ نێوان قوتابییه‌كانی یه‌حیا و جوله‌كه‌یه‌ك. 26 هاتنه‌ لای یه‌حیا و پێیان وت: (ڕابی، ئه‌وه‌ی له‌وبه‌ری ئوردون له‌گه‌ڵ تۆ بوو، ئه‌وه‌ی شایه‌تیت بۆی دا، ئه‌وه‌تا خه‌ڵك له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشێ و هه‌موو خه‌ڵك دێنه‌ لای.) 27 یه‌حیا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (كه‌س ناتوانێت شتێك وه‌ربگرێت ئه‌گه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ پێی نه‌درابێت. 28 ئێوه‌ خۆتان شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن كه‌ وتم: "من مه‌سیح نیم، به‌ڵام پێش ئه‌و نێردراوم." 29 بووك بۆ زاوایه‌، به‌ڵام هاوڕێی زاوا كه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و گوێی لێ ده‌گرێت له‌به‌ر ده‌نگی زاوا زۆر دڵخۆش ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌م خۆشییه‌م هاته‌ دی. 30 پێویسته‌ ئه‌و زیاد بكات و منیش كه‌م. 31 ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ دێت له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ زه‌وییه‌ ئه‌وه‌ زه‌مینییه‌ و وه‌كو كه‌سێكی زه‌مینی ده‌دوێت. ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێت له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌ و 32 شایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ بینیوویه‌تی و بیستوویه‌تی، كه‌سیش شایه‌تییه‌كه‌ی وه‌رناگرێت. 33 ئه‌وه‌ی شایه‌تییه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت، مۆری ده‌كات كه‌ خودا ڕاسته‌. 34 چونكه‌ ئه‌وه‌ی خودا ناردوویه‌تی به‌ وشه‌ی خودا ده‌دوێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودا بێ سنوور ڕۆحی پیرۆز ده‌دات. 35 باوكه‌كه‌ كوڕه‌كه‌ی خۆش‌ده‌وێت و هه‌موو شتێكی داوه‌ته‌ ده‌ستی. 36 ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ كوڕه‌كه‌ بهێنێت ژیانی تاهه‌تایی هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی كوڕه‌كه‌ نییه‌ ژیان نابینێت، به‌ڵكو تووڕه‌یی خودای له‌سه‌ر ده‌مێنێت.)

یه‌حیا 4

ژنێكی سامیری

1 فه‌ریسییان بیستیان كه‌وا عیسا له‌ یه‌حیا زیاتر قوتابی دروست‌ده‌كات و له‌ ئاویان هه‌ڵده‌كێشێ 2 - - هه‌رچه‌نده‌ خۆی خه‌ڵكی له‌ ئاو هه‌ڵنه‌ده‌كێشا، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی. 3 بۆیه‌ كاتێ عیسا ئه‌مه‌ی زانی یه‌هودیای به‌جێ‌هێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ جه‌لیل. 4 جا ده‌بووایه‌ به‌ سامیره‌دا تێپه‌ڕێت، 5 گه‌یشته‌ شارێكی سامیره‌یی پێی ده‌ووترا سوخار، نزیك ئه‌و پارچه‌ زه‌وییه‌ی یاقوب دابوویه‌ یوسفی كوڕی. 6 بیری یاقوبیش له‌وێ بوو. جا عیسا له‌ گه‌شته‌كه‌ ماندوو بوو، له‌لای بیره‌كه‌ دانیشت، نزیكه‌ی كاتژمێر دوازده‌ بوو. 7 ژنێكی سامیره‌یی هات ئاو ببات، عیسا پێی فه‌رموو: (هه‌ندێك ئاوم بده‌رێ.) 8 چونكه‌ قوتابییه‌كانی چووبوونه‌ ناو شار تاكو خواردن بكڕن. 9 جا ژنه‌ سامیره‌ییه‌كه‌ پێی‌ووت: (تۆ جوله‌كه‌یت و منیش ژنێكی سامیره‌ییم، چۆن داوای ئاوم لێ ده‌كه‌یت؟) چونكه‌ جوله‌كه‌ تێكه‌ڵی سامیره‌ییه‌كان نابن. 10 عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌گه‌ر به‌خشینی خودات ده‌زانی و ده‌تزانی كێیه‌ ئه‌وه‌ی پێت ده‌ڵێت "ئاوم بده‌رێ"، ئه‌وسا تۆ داوات لێ ده‌كرد و ئه‌ویش ئاوی ژیانی پێ ده‌دایت.) 11 ژنه‌كه‌ پێی‌ووت: (به‌ڵام گه‌وره‌م، دۆلچه‌ت پێ‌نییه‌ و بیره‌كه‌ش قووڵه‌. ئیتر ئاوی ژیانت له‌كوێ بوو؟ 12 خۆ له‌ یاقوبی باوكمان گه‌وره‌تر نیت كه‌ بیره‌كه‌ی پێ داوین، خۆی و كوڕه‌كانی و ماڵاتیشی لێیان خوارده‌وه‌؟) 13 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (هه‌ر كه‌سێك له‌م ئاوه‌ بخواته‌وه‌ تینووی ده‌بێته‌وه‌. 14 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و ئاوه‌ بخواته‌وه‌ كه‌ من ده‌یده‌مێ، هه‌رگیز تینووی نابێ، به‌ڵكو ئه‌و ئاوه‌ی ده‌یده‌مێ تیای‌دا ده‌بێته‌ كانیاوێك و هه‌ڵده‌قوڵێت ژیانی تاهه‌تایی ده‌به‌خشێ.) 15 ژنه‌كه‌ش پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، ئه‌و ئاوه‌م بده‌رێ تاكو تینوو نه‌بم و نه‌یه‌مه‌وه‌ ئێره‌ بۆ ئاوكێشان.) 16 پێی فه‌رموو: (بڕۆ، مێرده‌كه‌ت بانگ بكه‌ و وه‌ره‌وه‌ ئێره‌.) 17 ژنه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (مێردم نییه‌.) عیساش پێی فه‌رموو: (ڕاست ده‌كه‌یت كه‌ ده‌ڵێی مێردم نییه‌. 18 چونكه‌ پێنج مێردت هه‌بوو، ئێستاش ئه‌وه‌ی هه‌ته‌ مێردت نییه‌. ڕاست ده‌كه‌یت.) 19 ژنه‌كه‌ پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، ده‌بینم تۆ پێغه‌مبه‌ریت. 20 باوكانمان له‌سه‌ر ئه‌م شاخه‌ په‌رستنیان كردووه‌، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن ئۆرشه‌لیم ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌رستنی لێ بكرێت.) 21 عیسا پێی فه‌رموو: (خانم، باوه‌ڕم پێ بكه‌، كاتێ دێت ئێوه‌ نه‌ له‌سه‌ر ئه‌م شاخه‌ و نه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم باوكه‌كه‌ ده‌په‌رستن. 22 ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یپه‌رستن نایناسن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یپه‌رستین ده‌یناسین، چونكه‌ ڕزگاری له‌ جوله‌كه‌وه‌یه‌. 23 به‌ڵام كاتێ دێت وا ئێستایه‌ كه‌ خواپه‌رسته‌ ڕاسته‌كان به‌ ڕۆح و ڕاستی باوكه‌كه‌ ده‌په‌رستن، چونكه‌ باوكه‌كه‌ داوای ئه‌م جۆره‌ خواپه‌رستانه‌ ده‌كات. 24 خودا ڕۆحه‌ و پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی ده‌یپه‌رستن به‌ ڕۆح و ڕاستی بیپه‌رستن.) 25 ژنه‌كه‌ پێی‌ووت: (ده‌زانم مه‌سیا دێت، كه‌ پێی ده‌ووترێ مه‌سیح، كه‌ ئه‌و هات هه‌موو شتێكمان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت.) 26 عیساش پێی فه‌رموو: (من ئه‌وم، ئه‌وه‌ی قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات.) 27 لێره‌دا قوتابییه‌كانی گه‌یشتن، سه‌رسام بوون كه‌ له‌گه‌ڵ ژنێك قسه‌ده‌كات. به‌ڵام كه‌س نه‌یووت: (چیت ده‌وێت؟) یان (بۆچی قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت؟) 28 ئینجا ژنه‌كه‌ گۆزه‌كه‌ی به‌جێ‌هێشت، چووه‌ ناو شار و به‌ خه‌ڵكی وت: 29 (وه‌رن كه‌سێك ببینن هه‌رچییه‌كم كردووه‌ پێی‌ووتم! ده‌بێ مه‌سیح نه‌بێت؟) 30 ئیتر له‌ شار هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ لای. 31 له‌و كاته‌دا قوتابییه‌كان تكایان لێی ده‌كرد: (ڕابی، بخۆ!) 32 به‌ڵام پێی فه‌رموون: (خواردنێكم هه‌یه‌ بیخۆم، كه‌ ئێوه‌ نایزانن.) 33 بۆیه‌ قوتابییه‌كان به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: (كه‌س هیچی بۆ هێناوه‌ بیخوات؟) 34 عیساش پێی فه‌رموون: (خواردنی من ئه‌وه‌یه‌ به‌ خواستی ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ناردوومی و كاره‌كه‌ی ته‌واو بكه‌م. 35 ئه‌ی ناڵێن: "پاش چوار مانگ دروێنه‌ دێت"؟ ئه‌وه‌تا پێتان ده‌ڵێم: چاوتان هه‌ڵبڕن و سه‌یری كێڵگه‌كان بكه‌ن وا زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاون بۆ دروێنه‌. 36 سه‌پانیش كرێ وه‌رده‌گرێ و بۆ ژیانی تاهه‌تایی به‌رهه‌م كۆده‌كاته‌وه‌، تاكو تۆوده‌ر و سه‌پان پێكه‌وه‌ دڵشاد بن. 37 چونكه‌ ئه‌و په‌نده‌ ڕاسته‌ كه‌ ده‌ڵێت: "یه‌كێك تۆو ده‌كات و یه‌كێكی دیكه‌ دروێنه‌ ده‌كات." 38 ئێوه‌م بۆ دروێنه‌یه‌ك ناردووه‌ كه‌ پێوه‌ی ماندوو نه‌بوون. كه‌سانی دیكه‌ ماندوو بوون و ئێوه‌ هاتنه‌ سه‌ر ماندووبوونیان.) 39 زۆر له‌ سامیره‌ییه‌كانی ئه‌و شاره‌ باوه‌ڕیان به‌ عیسا هێنا، له‌به‌ر قسه‌ی ئه‌و ژنه‌ی كه‌ شایه‌تی ده‌دا: (هه‌رچییه‌كم كردووه‌ پێی فه‌رمووم.) 40 بۆیه‌ كاتێ سامیره‌ییه‌كان هاتنه‌ لای، تكایان لێ‌كرد له‌لایان بمێنێته‌وه‌، ئه‌ویش دوو ڕۆژ له‌وێ مایه‌وه‌. 41 زۆر زیاتریش به‌هۆی قسه‌كانییه‌وه‌ باوه‌ڕیان‌هێنا و 42 به‌ ژنه‌كه‌یان ده‌ووت: (ئیتر به‌ قسه‌ی تۆ نییه‌ كه‌ باوه‌ڕ ده‌هێنین، چونكه‌ خۆمان بیستمان و ده‌زانین كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی ڕزگاركه‌ری جیهانه‌!)

چاككردنه‌وه‌ به‌ وشه‌

43 پاش ئه‌و دوو ڕۆژه‌ له‌وێوه‌ چووه‌ جه‌لیل، 44 چونكه‌ عیسا خۆی شایه‌تی دا كه‌ پێغه‌مبه‌ر له‌ شاری خۆی ڕێزی لێ ناگیرێت. 45 بۆیه‌ كاتێ هاته‌ جه‌لیل، جه‌لیلییه‌كان پێشوازییان لێی‌كرد، چونكه‌ ئه‌وانیش هاتبوونه‌ جه‌ژن و هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان بینیبوو كه‌ له‌ جه‌ژن‌دا له‌ ئۆرشه‌لیم كردبووی. 46 هاته‌وه‌ قانای جه‌لیل، كه‌ له‌وێ ئاوی كرده‌ شه‌راب، كاربه‌ده‌ستێكی پاشا هه‌بوو، كوڕه‌كه‌ی له‌ كه‌فه‌رناحوم نه‌خۆش بوو. 47 كاتێ ئه‌و بیستی عیسا له‌ یه‌هودیاوه‌ هاتووه‌ته‌ جه‌لیل، چووه‌ لای و لێی پاڕایه‌وه‌ كه‌ بێت، تاكو كوڕه‌كه‌ی چاكبكاته‌وه‌، چونكه‌ نزیكی مردن بوو. 48 ئینجا عیسا پێی فه‌رموو: (ئه‌گه‌ر نیشانه‌ و كاری سه‌رسوڕهێنه‌ر نه‌بینن هه‌رگیز باوه‌ڕ ناهێنن.) 49 كاربه‌ده‌سته‌كه‌ش پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، پێش ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌م بمرێت، وه‌ره‌.) 50 عیسا پێی فه‌رموو: (بڕۆ! كوڕه‌كه‌ت ده‌ژیێت.) پیاوه‌كه‌ باوه‌ڕی به‌و قسه‌یه‌ كرد كه‌ عیسا پێی فه‌رموو و ڕۆیشت. 51 كه‌ به‌ ڕێگاوه‌ بوو كۆیله‌كانی تووشی بوون و ده‌یان‌ووت كه‌ كوڕه‌كه‌ی زیندووه‌، 52 جا سه‌باره‌ت به‌و كاتژمێره‌ی تیای‌دا چاكتر ببۆوه‌ پرسیاری لێ‌كردن، پێیان وت: (دوێنێ كاتژمێر یه‌ك تایه‌كه‌ به‌ری‌دا.) 53 باوكه‌كه‌ زانی له‌و كاتژمێره‌ بوو كه‌ عیسا پێی فه‌رموو: (كوڕه‌كه‌ت ده‌ژیێت.) ئه‌وسا خۆی و خاووخێزانی هه‌موو باوه‌ڕیان‌هێنا. 54 ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی دووه‌م بوو عیسا كردی، كه‌ له‌ یه‌هودیاوه‌ هاته‌ جه‌لیل.

یه‌حیا 5

چاككردنه‌وه‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌

1 دوای ئه‌مانه‌ جه‌ژنێكی جوله‌كه‌كان هه‌بوو و عیسا سه‌ركه‌وته‌ ئۆرشه‌لیم. 2 له‌ ئۆرشه‌لیم له‌لای ده‌روازه‌ی مه‌ڕ حه‌وزێك هه‌بوو به‌ عیبری پێیان ده‌ووت بێت‌حه‌سدا، پێنج هه‌یوانی هه‌بوو. 3 له‌وێ خه‌ڵكێكی زۆر ڕاكشابوون، نه‌خۆش و كوێر و شه‌ل و گۆج، چاوه‌ڕێی جوڵانی ئاوه‌كه‌ بوون، 4 چونكه‌ هه‌ندێك جار فریشته‌ی خوداوه‌ند بۆ حه‌وزه‌كه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ و ئاوه‌كه‌ی ده‌جوڵاند، جا ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س بچووبووایه‌ ناو حه‌وزه‌كه‌، له‌ هه‌ر نه‌خۆشییه‌ك هه‌یبووایه‌ چاك ده‌بۆوه‌. 5 كابرایه‌ك له‌وێ بوو سی و هه‌شت ساڵ نه‌خۆش بوو. 6 عیسا ئه‌م كابرایه‌ی بینی پاڵكه‌وتووه‌ و زانی ماوه‌یه‌كی درێژه‌ وایه‌، پێی فه‌رموو: (ده‌ته‌وێ چاكبیته‌وه‌؟) 7 نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م، كاتێ ئاوه‌كه‌ ده‌جوڵێت كه‌سم نییه‌ بمخاته‌ ناو حه‌وزه‌كه‌. كاتێكیش دێم، یه‌كێكی دیكه‌ پێش من ده‌چێته‌ ناوی.) 8 عیساش پێی فه‌رموو: (هه‌سته‌! نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ!) 9 یه‌كسه‌ر كابرا چاكبۆوه‌، نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ڕۆیشت. ئه‌و ڕۆژه‌ش شه‌ممه‌ بوو، 10 بۆیه‌ جوله‌كه‌ به‌ كابرای چاكبۆوه‌یان وت: (شه‌ممه‌یه‌ و دروست نییه‌ نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگریت.) 11 كابرا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی چاكی‌كردمه‌وه‌ پێی فه‌رمووم: "نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ.") 12 لێیان پرسی: (ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ كه‌ پێی‌ووتی: "هه‌ڵیبگره‌ و بڕۆ"؟) 13 به‌ڵام كابرای چاكبۆوه‌ نه‌یده‌زانی كێیه‌، چونكه‌ عیسا له‌ناو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌وێ بوون خۆی كێشایه‌وه‌. 14 دوای ئه‌وه‌ عیسا ئه‌وی له‌ په‌رستگا بینییه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: (ئه‌وه‌تا چاكبوویته‌وه‌. ئیتر گوناه‌ مه‌كه‌، نه‌وه‌ك خراپترت به‌سه‌ر بێت.) 15 كابراش چوو و به‌ جوله‌كه‌كانی وت كه‌ عیسا بووه‌ چاكی‌كردۆته‌وه‌. 16 له‌به‌ر ئه‌مه‌ جوله‌كه‌كان عیسایان چه‌وسانده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م شتانه‌ی له‌ شه‌ممه‌دا ده‌كرد.

باوك و كوڕه‌كه‌

17 به‌ڵام عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (تا ئێستا باوكم كارده‌كات، منیش كار ده‌كه‌م.) 18 له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ جوله‌كه‌كان زیاتر هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن، چونكه‌ ته‌نها شه‌ممه‌ی نه‌ده‌شكاند، به‌ڵكو ده‌یووت كه‌ خودا باوكییه‌تی، خۆی له‌گه‌ڵ خودا یه‌كسان ده‌كرد. 19 بۆیه‌ عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: كوڕه‌كه‌ ناتوانێت له‌ خۆیه‌وه‌ شتێك بكات ته‌نها ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینێت باوكی ده‌یكات، چونكه‌ هه‌رچی ئه‌و ده‌یكات، كوڕه‌كه‌ش ئه‌م شتانه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌كات. 20 چونكه‌ باوكه‌كه‌ كوڕه‌كه‌ی خۆش‌ده‌وێت و هه‌موو ئه‌وه‌ی پیشان ده‌دات كه‌ ده‌یكات، كاری له‌مانه‌ش مه‌زنتری پیشان ده‌دات، تاكو سه‌رسام بن. 21 چونكه‌ وه‌ك باوكه‌كه‌ مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌ و زیندوو ده‌كاته‌وه‌، كوڕه‌كه‌ش ئه‌وه‌ی بیه‌وێت زیندووی ده‌كاته‌وه‌. 22 چونكه‌ باوكه‌كه‌ كه‌س حوكم نادات، به‌ڵكو هه‌موو حوكمدانی داوه‌ته‌ كوڕه‌كه‌، 23 تاكو هه‌موو ڕێزی كوڕه‌كه‌ بگرن هه‌روه‌ك ڕێزی باوك ده‌گرن. ئه‌وه‌ی ڕێزی كوڕه‌كه‌ نه‌گرێ، ڕێزی باوكیش ناگرێ كه‌ ناردوویه‌تی.

له‌ مردنه‌وه‌ به‌ره‌و ژیان

24 ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی گوێ له‌ وشه‌كه‌م بگرێت و باوه‌ڕ بهێنێت به‌وه‌ی ناردوومی ژیانی تاهه‌تایی ده‌بێت و نایه‌ته‌ حوكمدان، به‌ڵكو له‌ مردنه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراوه‌ته‌وه‌. 25 ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: كاتێك دێت كه‌ ئێستایه‌، كاتێك مردووان ده‌نگی كوڕی خودا ده‌بیستن، گوێگرانیش ده‌ژین. 26 چونكه‌ وه‌ك باوكه‌كه‌ ژیانی له‌ خۆی‌دا هه‌یه‌، به‌ كوڕه‌كه‌شی داوه‌ ژیانی له‌ خۆی‌دا هه‌بێت. 27 ده‌سه‌ڵاتی حوكمدانیشی داوه‌تێ، چونكه‌ ئه‌و كوڕی مرۆڤه‌. 28 له‌مه‌ سه‌رسام مه‌بن، چونكه‌ كاتێك دێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ناو گۆڕ دان ده‌نگی ده‌بیستن و 29 دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كرداری چاكیان كردووه‌ بۆ هه‌ڵستانه‌وه‌ی ژیان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كرداری خراپیان كردووه‌ بۆ هه‌ڵستانه‌وه‌ی حوكمدان. 30 له‌ خۆمه‌وه‌ ناتوانم هیچ بكه‌م. وه‌ك ده‌بیستم حوكم ده‌ده‌م، حوكمدانه‌كه‌شم دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، چونكه‌ داوای خواستی خۆم ناكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی.

شایه‌تی باوك بۆ كوڕی خۆی

31 ئه‌گه‌ر شایه‌تی بۆ خۆم بده‌م شایه‌تییه‌كه‌م ڕاست نییه‌. 32 یه‌كێكی دیكه‌ شایه‌تیم بۆ ده‌دات، منیش ده‌زانم ئه‌و شایه‌تییه‌ی بۆ منی ده‌دات ڕاسته‌. 33 له‌دوای یه‌حیاتان نارد، ئه‌ویش شایه‌تی بۆ ڕاستی دا. 34 من شایه‌تی مرۆڤ وه‌رناگرم، ئه‌مانه‌ش ده‌ڵێم تاكو ئێوه‌ ڕزگاربن. 35 ئه‌و چرایه‌كی هه‌ڵگیرساو و بریسكه‌دار بوو، ده‌تانویست ماوه‌یه‌ك به‌ ڕووناكییه‌كه‌ی دڵخۆش بن. 36 به‌ڵام من شایه‌تییه‌كم هه‌یه‌ له‌وه‌ی یه‌حیا گرنگتره‌، چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ی باوكم پێی داوم ته‌واوی بكه‌م، ئه‌م كارانه‌ خۆیان شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن كه‌ باوكم ناردوومی. 37 باوكیشم كه‌ ناردوومی، خۆی شایه‌تیم بۆ ده‌دات. ئێوه‌ هه‌رگیز ده‌نگیتان نه‌بیستووه‌ و ڕواڵه‌تیتان نه‌بینیوه‌، 38 وشه‌كه‌شی له‌ ئێوه‌دا چه‌سپاو نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناردوویه‌تی ئێوه‌ باوه‌ڕی پێ ناكه‌ن. 39 نووسراوه‌كان ده‌پشكنن، چونكه‌ واده‌زانن ژیانی تاهه‌تایی بۆ ئێوه‌ تێدایه‌. ئه‌وانه‌ش شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن، 40 به‌ڵام ناتانه‌وێ بێنه‌ لام تاكو ژیانتان هه‌بێت. 41 من شكۆ له‌ خه‌ڵك وه‌رناگرم. 42 به‌ڵام ئێوه‌م ناسی كه‌ خۆشه‌ویستی خوداتان له‌ دڵ‌دا نییه‌. 43 به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ هاتووم، پێشوازیم لێ ناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێكی دیكه‌ به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ بێت، پێشوازی لێ‌ده‌كه‌ن. 44 ئه‌گه‌ر شكۆ له‌ یه‌كتری وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌و شكۆیه‌ی له‌ تاكه‌ خوداوه‌یه‌ داوا نه‌كه‌ن، چۆن ده‌توانن باوه‌ڕ بهێنن؟ 45 وا مه‌زانن من له‌لای باوكه‌كه‌ سكاڵاتان لێ ده‌كه‌م. یه‌كێك هه‌یه‌ سكاڵاتان لێ بكات، كه‌ موسایه‌، ئه‌وه‌ی هیواتان پێیه‌تی. 46 ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان به‌ موسا بكردبووایه‌، باوه‌ڕتان به‌ منیش ده‌كرد، چونكه‌ له‌ باره‌ی منه‌وه‌ نووسیویه‌تی. 47 ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیش به‌ نووسراوی ئه‌و نه‌كه‌ن، چۆن باوه‌ڕ به‌ وته‌كانی من ده‌كه‌ن؟)

یه‌حیا 6

تێركردنی پێنج هه‌زار كه‌س

1 دوای ئه‌مه‌ عیسا چووه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریای جه‌لیل، كه‌ ده‌ریای ته‌به‌ریه‌یه‌، 2 حه‌شاماتێك دوای كه‌وتبوون، چونكه‌ ئه‌و نیشانانه‌یان بینیبوو كه‌ له‌ نه‌خۆشه‌كان‌دا ده‌یكرد. 3 ئینجا عیسا چووه‌ سه‌ر شاخ و له‌وێ له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دانیشت. 4 جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوله‌كه‌ش نزیك بوو. 5 عیساش چاوی هه‌ڵبڕی و حه‌شاماته‌كه‌ی بینی ده‌هاتنه‌ لای، به‌ فیلیپۆسی فه‌رموو: (له‌كوێ نان بكڕین و ئه‌مانه‌ نان بده‌ین؟) 6 ئه‌مه‌ی ده‌ووت تاكو بیخاته‌ ئه‌زموونه‌وه‌، چونكه‌ خۆی زانی به‌ نیازه‌ چی ده‌كات. 7 فیلیپۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (بایی دوو سه‌د دیناریش نان به‌شیان ناكات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان كه‌مێكی به‌ركه‌وێت.) 8 یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كانی كه‌ ئه‌ندراوسی برای شیمۆن په‌ترۆس بوو پێی‌ووت: 9 (كوڕێك لێره‌یه‌ پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیه‌. به‌ڵام ئه‌ونده‌ چییه‌ بۆ ئه‌م هه‌مووه‌؟) 10 عیسا فه‌رمووی: (خه‌ڵكه‌كه‌ دابنیشێنن.) ئه‌و شوێنه‌ گیایه‌كی زۆری لێ‌بوو، جا پیاوه‌كان كه‌ پێنج هه‌زار ده‌بوون دانیشتن. 11 عیساش نانه‌كانی وه‌رگرت و سوپاسی خودای كرد، به‌سه‌ر دانیشتووان دابه‌شی كرد، بۆ ماسیش ئاوا، ئه‌وه‌نده‌ی ویستیان. 12 كاتێ تێربوون، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (ئه‌و په‌لكه‌نانه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ كۆی بكه‌نه‌وه‌ تاكو هیچ به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات.) 13 ئه‌وانیش كۆیان كرده‌وه‌ و دوازده‌ سه‌به‌ته‌یان پڕ كرد له‌و په‌لكه‌نانه‌ی ئه‌و پێنج نانه‌ جۆیه‌ی له‌ نانخۆران مابۆوه‌. 14 بۆیه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بینییان عیسا چ نیشانه‌یه‌كی كرد، وتیان: (به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌ كه‌ بۆ جیهان دێت.) 15 عیسا زانی ئه‌وان به‌ نیازن بێن و بیگرن تاكو بیكه‌نه‌ پاشا، دیسان به‌ ته‌نیا چووه‌ سه‌ر شاخ.

عیسا به‌سه‌ر ئاودا ده‌ڕوات

16 كاتێ ئێواره‌ داهات قوتابییه‌كانی بۆ لای ده‌ریاچه‌كه‌ چوونه‌ خواره‌وه‌، 17 سواری به‌له‌مێك بوون و به‌ ده‌ریاچه‌دا بۆ كه‌فه‌رناحوم كه‌وتنه‌ڕێ. تاریك داهات و عیسا هه‌ر نه‌گه‌یشته‌ لایان. 18 ڕه‌شه‌با هه‌ڵیكرد و ده‌ریاچه‌ هه‌ڵچوو. 19 كه‌ نزیكه‌ی بیست و پێنج تاكو سی تیرهاوێژ سه‌وڵیان لێدابوو، عیسایان بینی به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ده‌ڕوات و له‌ به‌له‌مه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، جا ترسان. 20 به‌ڵام پێی فه‌رموون: (منم، مه‌ترسن!) 21 كه‌ ڕازی بوون سواری به‌له‌مه‌كه‌ی بكه‌ن، یه‌كسه‌ر به‌له‌مه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و كه‌ناره‌ی بۆی ده‌چوون. 22 بۆ به‌یانی، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون بینییان له‌ به‌له‌مێك زیاتر له‌وێ نه‌بوو، عیساش له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری به‌له‌م نه‌بوو، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی به‌ ته‌نها به‌ڕێ‌كه‌وتن. 23 به‌له‌می دیكه‌ش له‌ ته‌به‌ریه‌وه‌ هاتنه‌ نزیك ئه‌و شوێنه‌ی نانه‌كه‌یان لێی خوارد كه‌ خوداوه‌ند سوپاسی خودای كرد. 24 كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ بینییان نه‌ عیسا له‌وێیه‌ و نه‌ قوتابییه‌كانی، سواری به‌له‌مه‌كان بوون و چوونه‌ كه‌فه‌رناحوم، له‌ عیسا ده‌گه‌ڕان.

منم نانی ژیان

25 كه‌ له‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌ دۆزییانه‌وه‌، پێیان وت: (ڕابی، كه‌ی گه‌یشتییه‌ ئێره‌؟) 26 عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئێوه‌ داوام ده‌كه‌ن نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیشانه‌تان بینی، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ نانه‌كه‌تان خوارد و تێر بوون. 27 بۆ خۆراكێك ئیش مه‌كه‌ن كه‌ له‌ناوده‌چێت، به‌ڵكو بۆ خۆراكێك كه‌ بۆ ژیانی تاهه‌تایی ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤ ده‌تانداتێ، چونكه‌ ئه‌مه‌ خودای باوك مۆری لێداوه‌.) 28 بۆیه‌ پێیان وت: (چی بكه‌ین تاكو كاره‌كانی خودا بكه‌ین؟) 29 عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (كاری خودا ئه‌مه‌یه‌: باوه‌ڕ بهێنن به‌وه‌ی ناردوویه‌تی.) 30 ئه‌وانیش پێیان وت: (چ نیشانه‌یه‌ك ده‌كه‌یت تاكو ببینین و باوه‌ڕت پێ بكه‌ین؟ چی ده‌كه‌یت؟ 31 باوباپیرانمان له‌ چۆڵه‌وانی مه‌نیان خوارد، وه‌ك نووسراوه‌: {له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی دانێ تاكو بیخۆن}.) 32 عیساش پێی فه‌رموون: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: موسا نه‌بوو نانه‌كه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دانێ، به‌ڵكو باوكمه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی ڕاستیتان ده‌داتێ. 33 چونكه‌ نانی خودا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ و ژیان ده‌به‌خشێته‌ جیهان.) 34 بۆیه‌ پێیان وت: (گه‌وره‌م، هه‌موو كاتێ ئه‌و نانه‌مان بده‌رێ.) 35 عیساش پێی فه‌رموون: (منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته‌ لام هه‌رگیز برسی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت. 36 به‌ڵام پێم وتن، منتان بینیوه‌ و باوه‌ڕیش ناهێنن. 37 هه‌ر كه‌سێك باوكم ده‌یداته‌ من دێته‌ لام، ئه‌وه‌ش بێته‌ لام، هه‌رگیز ده‌ری ناكه‌م. 38 چونكه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم، نه‌ك تاكو به‌ خواستی خۆم بكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی. 39 ئه‌مه‌ش خواستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناردوومی، هه‌ر كه‌سێكی پێ‌داوم نه‌یدۆڕێنم، به‌ڵكو له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. 40 چونكه‌ خواستی باوكم ئه‌مه‌یه‌: هه‌ر كه‌سێك كوڕه‌كه‌ ببینێت و باوه‌ڕی پێ بهێنێت ژیانی تاهه‌تایی ده‌‌بێت، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌.) 41 جوله‌كه‌ش بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر ده‌كرد، چونكه‌ فه‌رمووی: (منم ئه‌و نانه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌.) 42 وتیان: (ئه‌مه‌ عیسای كوڕی یوسف نییه‌، كه‌ دایك و باوكی ده‌ناسین؟ ئێستا چۆن ده‌ڵێت "له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم"؟) 43 عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: (له‌ ناوه‌خۆتان بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن. 44 كه‌س ناتوانێت بێته‌ لام ئه‌گه‌ر باوك ڕاینه‌كێشێت، ئه‌وه‌ی ناردوومی، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. 45 له‌ سیپاره‌ی پێغه‌مبه‌ران‌دا نووسراوه‌: {هه‌موو له‌ خوداوه‌ فێر ده‌بن}. جا ئه‌وه‌ی له‌ باوكه‌وه‌ بیستبێتی و فێربووبێت دێته‌ لام. 46 كه‌س باوكه‌كه‌ی نه‌بینیوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، ئه‌وه‌ باوكه‌كه‌ی بینیوه‌. 47 ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ بهێنێت ژیانی تاهه‌تایی هه‌یه‌. 48 منم نانی ژیان. 49 باوباپیرانتان له‌ چۆڵه‌وانی‌دا مه‌نیان خوارد و مردن. 50 ئه‌مه‌ ئه‌و نانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌، تاكو ئه‌وه‌ی لێی بخوات نه‌مرێت. 51 منم ئه‌و نانه‌ زیندووه‌ی كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌م نانه‌ بخوات بۆ تاهه‌تایه‌ ده‌ژیێت. ئه‌و نانه‌ش كه‌ بۆ ژیانی جیهان ده‌یبه‌خشم، جه‌سته‌مه‌.) 52 جوله‌كه‌ له‌ناو خۆیان ده‌مه‌قاڵه‌یان بوو و ده‌یان‌ووت: (ئه‌مه‌ چۆن ده‌توانێ جه‌سته‌ی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟) 53 بۆیه‌ عیسا پێی فه‌رموون: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی كوڕی مرۆڤ نه‌خۆن و خوێنی نه‌خۆنه‌وه‌، ژیان له‌ ناختان‌دا نابێت. 54 ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه‌ ژیانی تاهه‌تایی هه‌یه‌، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. 55 چونكه‌ جه‌سته‌م خۆراكی ڕاسته‌قینه‌یه و خوێنیشم خواردنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌. 56 ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه‌ له‌ من‌دا ده‌چه‌سپێت و منیش له‌ ئه‌ودا. 57 وه‌ك باوكی زیندوو ناردوومی، منیش به‌و باوكه‌ زیندووم، ئاواش ئه‌وه‌ی من بخوات به‌هۆی من ده‌ژیێت. 58 ئه‌مه‌ ئه‌و نانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی باوباپیران خواردیان و مردن. ئه‌وه‌ی له‌م نانه‌ بخوات تاهه‌تایه‌ ده‌ژیێت.) 59 ئه‌مانه‌ی له‌ كه‌نیشتێك‌دا فه‌رموو، له‌ كه‌فه‌رناحوم خه‌ڵكی فێر ده‌كرد.

قوتابییه‌كان گومان ده‌كه‌ن

60 بۆیه‌ زۆر له‌ قوتابییه‌كانی كه‌ گوێیان لێ‌بوو، وتیان: (ئه‌م قسه‌یه‌ گرانه‌! كێ ده‌توانێت وه‌ری بگرێت؟) 61 عیسا له‌ دڵی خۆی‌دا زانی قوتابییه‌كانی به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ بۆڵه‌بۆڵ ده‌كه‌ن، پێی فه‌رموون: (ئه‌مه‌ ساتمه‌تان پێ ده‌كات؟ 62 ئه‌ی ئه‌گه‌ر ببینن كوڕی مرۆڤ به‌رزبێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی یه‌كه‌م جار لێی‌بوو؟! 63 ڕۆحی پیرۆز ژیان ده‌دات، به‌ڵام جه‌سته‌ به‌ كه‌ڵك نایه‌ت. ئه‌و قسانه‌ی پێم وتن ڕۆح و ژیانن. 64 به‌ڵام هه‌ندێكتان‌ باوه‌ڕ ناكه‌ن.) چونكه‌ عیسا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ناسی كه‌ باوه‌ڕ ناهێنن، هه‌روه‌ها كێیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ گرتنی ده‌دات. 65 ئینجا فه‌رمووی: (له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێم وتن، كه‌س ناتوانێ بێته‌ لام، ئه‌گه‌ر له‌ باوكه‌كه‌وه‌ پێی نه‌درابێت.) 66 له‌و كاته‌وه‌ زۆر له‌ قوتابییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ و ئیتر له‌گه‌ڵی نه‌ده‌گه‌ڕان. 67 بۆیه‌ عیسا به‌ دوازده‌كه‌ی فه‌رموو: (ئه‌ی ئێوه‌ ناتانه‌وێ بڕۆن؟) 68 شیمۆن په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م، بچینه‌ لای كێ؟ وشه‌كانی ژیانی تاهه‌تایی له‌لای تۆیه‌. 69 ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هێنا و زانیمان كه‌ تۆ پیرۆزه‌كه‌ی خودایت.) 70 عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئایا من ئێوه‌ی دوازده‌م هه‌ڵنه‌بژاردووه‌؟ به‌ڵام یه‌كێك له‌ ئێوه‌ ئیبلیسه‌!) 71 ئه‌و باسی یه‌هوزای شیمۆنی ئه‌سخه‌ریوتی ده‌كرد، چونكه‌ به‌ته‌مابوو به‌ گرتنی بدات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌.

یه‌حیا 7

ڕقی جیهان له‌ عیسا

1 دوای ئه‌مانه‌ عیسا به‌ جه‌لیل‌دا ده‌گه‌ڕا و نه‌یده‌ویست له‌ یه‌هودیا بگه‌ڕێ، چونكه‌ جوله‌كه‌ی ئه‌وێ هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن. 2 جه‌ژنی كه‌پره‌شینه‌ی جوله‌كه‌ش نزیك بوو، 3 براكانی پێیان وت: (ئێره‌ به‌جێ‌بهێڵه‌ و بڕۆ یه‌هودیا، تاكو قوتابییه‌كانی خۆشت كاره‌كانت ببینن كه‌ تۆ ده‌یكه‌یت. 4 چونكه‌ كه‌س به‌ نهێنی شتێك ناكات ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ئاشكرا بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌یت، خۆت پیشانی جیهان بده‌.) 5 چونكه‌ براكانیشی باوه‌ڕیان پێی نه‌ده‌كرد. 6 عیساش پێی فه‌رموون: (جارێ كاتم نه‌هاتووه‌، به‌ڵام هه‌رده‌م كاتی ئێوه‌ گونجاوه‌. 7 جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێته‌وه‌، به‌ڵام ڕقی له‌ من ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ شایه‌تی له‌سه‌ر ده‌ده‌م كه‌ كرده‌وه‌ی خراپه‌. 8 ئێوه‌ بڕۆنه‌ جه‌ژنه‌كه‌، من نایه‌مه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌. چونكه‌ هێشتا كاتم ته‌واو نه‌بووه‌.) 9 ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و له‌ جه‌لیل مایه‌وه‌. 10 به‌ڵام كه‌ براكانی بۆ جه‌ژنه‌كه‌ چوون، ئه‌ویش ڕۆیشت، به‌ڵام به‌ ئاشكرا نا، به‌ڵكو وه‌ك به‌ نهێنی. 11 جوله‌كه‌ له‌ جه‌ژنه‌كه‌دا به‌ دوای‌دا ده‌گه‌ڕان و ده‌یان‌ووت: (ئه‌و له‌كوێیه‌؟) 12 له‌نێو خه‌ڵكه‌كه‌دا چرپه‌چرپێكی زۆری له‌سه‌ر بوو، هه‌ندێكیان ده‌یان‌ووت: (چاكه‌.) خه‌ڵكی دیكه‌ش ده‌یان‌ووت: (نه‌خێر، به‌ڵكو خه‌ڵك گومڕا ده‌كات.) 13 به‌ڵام كه‌س له‌ ترسی جوله‌كه‌كان به‌ ئاشكرا باسی نه‌ده‌كرد.

بیروڕای جیاواز ده‌رباره‌ی عیسا

14 كاتێ نیوه‌ی جه‌ژن بوو، عیسا چووه‌ په‌رستگا و خه‌ڵكی فێرده‌كرد. 15 جوله‌كه‌كان سه‌رسام بوون و پرسییان: (ئه‌مه‌ كه‌ فێرنه‌كراوه‌ چۆن ئه‌م هه‌موو زانیارییه‌ی هه‌یه‌؟) 16 بۆیه‌ عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (فێركردنم هی خۆم نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناردوومی. 17 ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ خواستی ئه‌و بكات، له‌ فێركردن ده‌زانێت ئاخۆ هی خودایه‌ یان له‌ خۆمه‌وه‌ ده‌دوێم. 18 ئه‌وه‌ی له‌ خۆیه‌وه‌ بدوێت، داوای شكۆی خۆی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوای شكۆی ئه‌وه‌ بكات كه‌ ناردوویه‌تی، ئه‌مه‌ ڕاستگۆیه‌ و فڕوفێڵی تێدا نییه‌. 19 ئایا موسا ته‌وراتی نه‌داونه‌تێ؟ به‌ڵام كه‌س له‌ ئێوه‌ به‌ ته‌ورات ناكات. بۆچی هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن؟) 20 خه‌ڵكه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (رۆحی پیست هه‌یه‌! كێ هه‌وڵی كوشتنت ده‌دات؟) 21 عیسا پێی فه‌رموون: (كارێكم كرد و هه‌موو سه‌رسام بوون. 22 بۆیه‌ موسا خه‌ته‌نه‌كردنی دایه‌ ئێوه‌ - ئه‌مه‌ له‌ موساوه‌ نه‌بوو به‌ڵكو له‌ باوكانه‌وه‌ بوو - له‌ شه‌ممه‌ش مرۆڤ خه‌ته‌نه‌ ده‌كه‌ن. 23 ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌ شه‌ممه‌ خه‌ته‌نه‌ بكرێت تاكو ته‌وراتی موسا نه‌شكێت، باشه‌ له‌ من تووڕه‌ ده‌بن كه‌ له‌ شه‌ممه‌ سه‌راپای مرۆڤێكم چاككرده‌وه‌؟ 24 به‌ ڕواڵه‌ت حوكم مه‌ده‌ن، به‌ڵكو حوكمێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بده‌ن.) 25 بۆیه‌ هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم ده‌یان‌ووت: (ئه‌مه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بیكوژن؟ 26 ئه‌وه‌تا به‌ ئاشكرا قسه‌ده‌كات و هیچی پێ ناڵێن. ڕه‌نگه‌ سه‌رۆكه‌كان زانیوویانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی مه‌سیحه‌كه‌یه‌؟ 27 به‌ڵام ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌مه‌ خه‌ڵكی كوێیه‌. كاتێ مه‌سیحیش دێت كه‌س نازانێت خه‌ڵكی كوێیه‌.) 28 عیساش له‌ په‌رستگا خه‌ڵكی فێرده‌كرد، هاواری كرد: (ده‌مناسن و ده‌زانن خه‌ڵكی كوێم. له‌ خۆمه‌وه‌ نه‌هاتووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕاسته‌، ئه‌وه‌ی نایناسن. 29 من ده‌یناسم چونكه‌ له‌وم و ئه‌ویش ناردوومی.) 30 بۆیه‌ هه‌وڵیان ده‌دا بیگرن، به‌ڵام كه‌س ده‌ستی بۆ درێژ نه‌كرد، چونكه‌ هێشتا كاتی نه‌هاتبوو. 31 زۆر له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ش باوه‌ڕیان پێی هێنا و وتیان: (ئایا كاتێ مه‌سیح دێت، نیشانه‌ی زیاتر ده‌كات له‌وه‌ی ئه‌مه‌ كردوویه‌تی؟) 32 فه‌ریسییه‌كان گوێیان لێ‌بوو كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و چرپه‌چرپی ئه‌مانه‌یانه‌، جا كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كان خزمه‌تكاریان نارد تاكو بیگرن. 33 عیسا فه‌رمووی: (ماوه‌یه‌كی كه‌مم له‌گه‌ڵتان‌ ماوه، ئینجا ده‌چمه‌ لای ئه‌وه‌ی ناردوومی. 34 داوام ده‌كه‌ن و نامدۆزنه‌وه‌، ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی منی لێیه‌.) 35 ئیتر جوله‌كه‌ له‌نێو خۆیان‌دا وتیان: (ئه‌مه‌ به‌ نیازه‌ بۆ كوێ بڕوات كه‌ نایدۆزینه‌وه‌؟ ئایا بۆ په‌راگه‌نده‌كانی نێو یۆنانییه‌كان ده‌ڕوات، تاكو یۆنانییه‌كان فێر بكات؟! 36 ئه‌م قسه‌یه‌ چییه‌ ده‌یكات: "داوام ده‌كه‌ن و نامدۆزنه‌وه‌" و "ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی منی لێیه‌"؟)

ڕووباری زیندوو

37 له‌دوایین ڕۆژی گه‌وره‌ی جه‌ژن، عیسا ڕاوه‌ستا و هاواری كرد: (ئه‌گه‌ر یه‌كێك تینووی بوو با بێته‌ لام و بخواته‌وه‌. 38 ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، وه‌ك نووسراوه‌كه‌ فه‌رموویه‌تی، له‌ ناخییه‌وه‌ ڕووباره‌كانی ئاوی زیندوو ده‌ڕوات.) 39 لێره‌دا مه‌به‌ستی له‌ ڕۆحی پیرۆز بوو، كه‌ خه‌ریكه‌ باوه‌ڕداران به‌و وه‌ری ده‌گرن، به‌ڵام هێشتا ڕۆحه‌كه‌ نه‌درابوو، چونكه‌ عیسا شكۆدار نه‌ببوو. 40 هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ كه‌ گوێیان له‌م قسانه‌ بوو، وتیان: (ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌.) 41 هه‌ندێكی دیكه‌، وتیان: (ئه‌مه‌ مه‌سیحه‌كه‌یه‌.) به‌ڵام هه‌ندێك وتیان: (باشه‌ مه‌سیح له‌ جه‌لیله‌وه‌ دێت؟ 42 ئایا نووسراوه‌كه‌ نافه‌رمووێت، مه‌سیح له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی داود و له‌ بێت‌له‌حمه‌وه‌ دێت، گونده‌كه‌ی داودی لێ‌بوو؟) 43 بۆیه‌ به‌هۆی ئه‌و دووبه‌ره‌كی كه‌وته‌ نێوان خه‌ڵكه‌كه‌. 44 هه‌ندێك له‌وان ویستیان بیگرن، به‌ڵام كه‌س ده‌ستگیری نه‌كرد. 45 ئه‌وسا خزمه‌تكاره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ لای كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كان، ئه‌وانیش پێیان وتن: (بۆچی نه‌تانهێنا؟) 46 خزمه‌تكاره‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (هه‌رگیز كه‌س وه‌ك ئه‌مه‌ قسه‌ی نه‌كردووه‌!) 47 فه‌ریسییه‌كان وتیان: (ئایا ئێوه‌ش گومڕا بوون؟ 48 باشه‌ كه‌س له‌ سه‌رۆكه‌كان یان فه‌ریسییه‌كان باوه‌ڕی پێ هێناوه‌؟ 49 بێجگه‌ له‌م خه‌ڵكه‌ نه‌فره‌ت لێ‌كراوه‌ كه‌ له‌ ته‌ورات نازانێت.) 50 نیقۆدیمۆس كه‌ پێشتر هاتبووه‌ لای عیسا و یه‌كێك بوو له‌وان، پێی‌ووتن: 51 (ئایا ته‌وراتمان یه‌كێك حوكم ده‌دات ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م جار گوێی لێ نه‌گیردرێ و بزانرێت چی كردووه‌؟) 52 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (تۆش جه‌لیلیت؟ بگه‌ڕێ و ببینه‌، له‌ جه‌لیل‌دا پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵناكه‌وێت.) 53 ئیتر هه‌ریه‌كه‌ چۆوه‌ ماڵی خۆی.

یه‌حیا 8

ژنێكی داوێنپیس

1 به‌ڵام عیسا چووه‌ كێوی زه‌یتوون. 2 له‌ به‌ره‌به‌یان‌دا گه‌ڕایه‌وه‌ په‌رستگا، هه‌موو خه‌ڵك هاتنه‌ لای و ئه‌ویش دانیشت و فێری ده‌كردن. 3 مالمه‌كان و فه‌ریسییه‌كان ژنێكیان هێنا كه‌ له‌ كاتی داوێنپیسی‌دا گیرابوو، له‌ ناوه‌راست‌دا ڕایانگرت، 4 پێیان وت: (مامۆستا، ئه‌م ژنه‌ له‌ داوێنپیسی‌كردن‌دا گیراوه‌. 5 موساش له‌ ته‌ورات‌دا فه‌رمانی پێ كردووین ژنی ئاوا به‌ردباران بكرێت. تۆ چی ده‌ڵێی؟) 6 ئه‌مه‌یان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی وت، تاكو شتێكیان هه‌بێت سكاڵای لێ بكه‌ن. به‌ڵام عیسا خۆی چه‌مانده‌وه‌ و به‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ینووسی. 7 كاتێ به‌رده‌وام بوون له‌ پرسیاركردن، هه‌ڵستاوه‌ و پێی فه‌رموون: (كامه‌تان بێ گوناهه‌ با یه‌كه‌م بێت به‌ردێكی تێ‌بگرێ.) 8 دیسان خۆی چه‌مانده‌وه‌ و له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ینووسی. 9 ئه‌وانه‌ی گوێیان لێ‌بوو، یه‌ك له‌دوای یه‌ك ڕۆیشتن، ده‌ستپێك له‌ پیرانه‌وه‌. ئه‌وسا عیسا به‌ ته‌نها مایه‌وه‌، ژنه‌كه‌ش له‌ناوه‌ڕاست. 10 عیسا ڕاست‌بۆوه‌ و پێی فه‌رموو: (خانم، ئه‌وانه‌ چییان لێ‌هات؟ كه‌س تاوانباری نه‌كردوویت؟) 11 وتی: (كه‌س، گه‌وره‌م.) عیسا فه‌رمووی: (منیش حوكمت ناده‌م. بڕۆ ئیتر گوناه مه‌كه‌.)

من ڕووناكی جیهانم

12 دیسان عیسا قسه‌ی بۆ كردن و فه‌رمووی: (منم ڕووناكی جیهان. ئه‌وه‌ی دوام بكه‌وێت هه‌رگیز به‌ تاریكی‌دا ناڕوات، به‌ڵكو ڕووناكی ژیانی ده‌بێت.) 13 جا فه‌ریسییه‌كان پێیان وت: (تۆ شایه‌تی بۆ خۆت ده‌ده‌یت. شایه‌تییه‌كه‌ت ڕاست نییه‌.) 14 عیساش پێی فه‌رموون: (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر من شایه‌تی بۆ خۆم بده‌م، شایه‌تییه‌كه‌م ڕاسته‌، چونكه‌ ده‌زانم له‌كوێوه‌ هاتووم و بۆ كوێ ده‌ڕۆم. به‌ڵام ئێوه‌ نازانن له‌كوێوه‌ هاتووم یان بۆ كوێ ده‌چم. 15 ئێوه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ حوكم ده‌ده‌ن، من كه‌س حوكم ناده‌م. 16 ئه‌گه‌ر حوكمیش بده‌م حوكمدانه‌كه‌م ڕاسته‌، چونكه‌ به‌ ته‌نها نیم، به‌ڵكو من و باوكین، ئه‌وه‌ی ناردوومی. 17 له‌ ته‌وراتی ئێوه‌ش‌دا نووسراوه‌ كه‌ شایه‌تی دوو كه‌س ڕاسته‌. 18 منم شایه‌تی بۆ خۆم ده‌ده‌م، باوكه‌كه‌ش كه‌ ناردوومی شایه‌تیم بۆ ده‌دات.) 19 ئه‌وسا پێیان وت: (باوكت له‌كوێیه‌؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (نه‌ من ده‌ناسن و نه‌ باوكیشم. ئه‌گه‌ر منتان بناسیبووایه‌ باوكی منیشتان ده‌ناسی.) 20 ئه‌م قسانه‌ی له‌ خه‌زێنه‌دا فه‌رموو، كاتێ له‌ په‌رستگا خه‌ڵكی فێرده‌كرد، كه‌سیش نه‌یگرت، چونكه‌ هێشتا كاتی نه‌هاتبوو. 21 ئینجا عیسا پێی فه‌رموونه‌وه‌: (من ده‌ڕۆم و داوام ده‌كه‌ن، له‌ناو گوناهه‌كانتان ده‌مرن. ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌چم.) 22 جوله‌كه‌ ده‌یان‌ووت: (ئایا خۆی ده‌كوژێت؟ چونكه‌ ده‌ڵێ: "ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌چم.") 23 ئیتر پێی فه‌رموون: (ئێوه‌ هی خواره‌وه‌ن، من هی سه‌ره‌وه‌م. ئێوه‌ هی ئه‌م جیهانه‌ن، من هی ئه‌م جیهانه‌ نیم. 24 بۆیه‌ پێم وتن: له‌ناو گوناهه‌كانتان ده‌مرن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ نه‌هێنن من ئه‌وم، له‌ناو گوناهه‌كانتان ده‌مرن.) 25 پێیان وت: (تۆ كێیت؟) عیسا پێی فه‌رموون: (ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێم وتوون. 26 زۆر شتم له‌سه‌رتان هه‌یه‌ بیڵێم و حوكمی پێ بده‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕاستگۆیه‌، هه‌رچیم له‌و بیستووه‌ به‌ جیهانی ده‌ڵێم.) 27 ئه‌وان تێ‌نه‌گه‌یشتن كه‌ باسی باوكه‌كه‌یان بۆ ده‌كات. 28 بۆیه‌ عیسا پێی فه‌رموون: (كاتێ كوڕی مرۆڤتان به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وسا ده‌زانن من ئه‌وم و له‌ خۆمه‌وه‌ هیچ ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌ك باوكه‌كه‌ فێری كردووم قسه‌ ده‌كه‌م. 29 ئه‌وه‌ی ناردوومی له‌گه‌ڵم دایه‌ و به‌ ته‌نها به‌جێی نه‌هێشتووم، چونكه‌ من هه‌میشه‌ به‌گوێره‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌م.) 30 كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان پێی هێنا.

ڕاستی ئازادتان ده‌كات

31 ئه‌وسا عیسا به‌و جوله‌كانه‌ی فه‌رموو كه‌ باوه‌ڕیان پێی هێنابوو: (ئه‌گه‌ر له‌ وشه‌كه‌م‌دا جێگیربن، ئه‌وا به‌ ڕاستی قوتابی منن و 32 ڕاستی ده‌ناسن، ڕاستیش ئازادتان ده‌كات.) 33 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (ئێمه‌ نه‌وه‌ی ئیبراهیمین، هه‌رگیز كۆیله‌ی كه‌س نه‌بووینه‌. ئیتر چۆن ده‌فه‌رمووی: "ئازاد ده‌بن"؟) 34 عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، هه‌ر كه‌سێك گوناه‌ بكات كۆیله‌ی گوناهه‌. 35 كۆیله‌ تاهه‌تایه‌ له‌ ماڵ نامێنێته‌وه‌، به‌ڵام كوڕ تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. 36 ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌ ئازادی كردن، ئه‌وا به‌ ڕاستی ئازاد ده‌بن. 37 ده‌زانم له‌ نه‌وه‌ی ئیبراهیمن. به‌ڵام هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، چونكه‌ وشه‌كه‌م له‌ ئێوه‌دا جێگه‌ی نییه‌. 38 چیم له‌لای باوكم بینیوه‌ ده‌یڵێم، ئێوه‌ش چیتان له‌ باوكتانه‌وه‌ بیستووه‌ ده‌یكه‌ن.) 39 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (باوكمان ئیبراهیمه‌.) عیساش پێی فه‌رموون: (ئه‌گه‌ر كوڕی ئیبراهیم بوونایه‌، كرداره‌كانی ئیبراهیمتان ده‌كرد. 40 به‌ڵام ئێستا هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، چونكه‌ من ئه‌و كه‌سه‌م ئه‌و ڕاستییه‌ی له‌ خوداوه‌ بیستم پێم وتن. ئه‌مه‌ش ئیبراهیم نه‌یكردووه‌. 41 ئێوه‌ كرداره‌كانی باوكتان ده‌كه‌ن.) جا پێیان وت: (به‌ زۆڵی نه‌بووین. یه‌ك باوكمان هه‌یه‌ كه‌ خودایه‌.)

باوكی درۆ

42 عیسا پێی فه‌رموون: (ئه‌گه‌ر خودا باوكتان بووایه‌، منتان خۆش‌ده‌ویست، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ ده‌رچووم و هاتووم. له‌ خۆمه‌وه‌ نه‌هاتووم، به‌ڵكو ئه‌و ناردوومی. 43 بۆچی له‌ قسه‌كانم تێ‌ناگه‌ن؟ چونكه‌ ناتوانن گوێ له‌ وشه‌كه‌م بگرن. 44 ئێوه‌ له‌ ئیبلیسی باوكتانن، ده‌تانه‌وێت به‌ ئاره‌زووه‌كانی باوكتان بكه‌ن. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بكوژ بووه‌، له‌ ڕاستی‌دا نه‌چه‌سپا، چونكه‌ ڕاستی له‌ودا نییه‌. كاتێكیش درۆ ده‌كات، باسی شتی خۆی ده‌كات، چونكه‌ درۆزنه‌ و باوكی درۆیه‌. 45 به‌ڵام چونكه‌ ڕاستی ده‌ڵێم باوه‌ڕم پێ ناكه‌ن! 46 كامه‌تان ده‌توانێت گوناهێكم له‌سه‌ر بسه‌لمێنێ؟ جا ئه‌گه‌ر ڕاستی ده‌ڵێم، بۆچی باوه‌ڕم پێ ناكه‌ن؟ 47 ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، گوێ له‌ وته‌ی خودا ده‌گرێت. بۆیه‌ ئێوه‌ گوێ ناگرن، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ نین.) 48 جوله‌كه‌كان پێیان وت: (ئایا ئێمه‌ ڕاست ناڵێین كه‌ تۆ سامیره‌یی و ڕۆحی‌پیست هه‌یه‌؟)

به‌ر له‌ ئیبراهیم من هه‌م

49 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (من رۆحی پیسم تێدا نییه‌، به‌ڵام ڕێزی باوكم ده‌گرم و ئێوه‌ش سووكایه‌تیم پێ ده‌كه‌ن. 50 داوای شكۆ بۆ خۆم ناكه‌م، به‌ڵام هه‌یه‌ بۆم داوا ده‌كات و حوكم ده‌دات. 51 ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر یه‌كێك وشه‌كانم بپارێزێت هه‌رگیز مردن نابینێت.) 52 جوله‌كه‌كان پێیان وت: (ئێستا زانیمان ڕۆحی‌پیست هه‌یه‌. ئیبراهیم و پێغه‌مبه‌ران مردن، كه‌چی تۆ ده‌ڵێی: "ئه‌گه‌ر یه‌كێك وشه‌كانم بپارێزێت هه‌رگیز تامی مردن ناكات." 53 ئایا تۆ له‌ ئیبراهیمی باوكمان گه‌وره‌تری كه‌ مرد؟ پێغه‌مبه‌رانیش مردن. خۆت به‌ چی داده‌نێیت؟) 54 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌گه‌ر خۆم شكۆدار بكه‌م، ئه‌وا شكۆیه‌كه‌م هیچ نییه‌. باوكمه‌ كه‌وا شكۆدارم ده‌كات، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌ڵێن خودامانه‌، 55 كه‌ نایناسن. به‌ڵام من ده‌یناسم. ئه‌گه‌ر بڵێم نایناسم، وه‌ك ئێوه‌ ده‌بمه‌ درۆزن. به‌ڵام ده‌یناسم و وشه‌كه‌ی ده‌پارێزم. 56 ئیبراهیمی باوكتان دڵشاد بوو كه‌ ڕۆژی من ببینێت، جا بینی و دڵخۆش بوو.) 57 جوله‌كه‌ش پێیان وت: (تۆ جارێ په‌نجا ساڵ نیت و ئیبراهیمت بینیوه‌؟) 58 عیسا پێی فه‌رموون: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، پێش ئه‌وه‌ی ئیبراهیم له‌دایك ببێت، من هه‌م.) 59 ئه‌وسا به‌ردیان هه‌ڵگرت تاكو به‌ردبارانی بكه‌ن، به‌ڵام عیسا خۆی شارده‌وه‌ و له‌ په‌رستگاكه‌ ده‌رچوو.

یه‌حیا 9

چاككردنه‌وه‌ی كه‌سێكی به‌ زگماك نابینا

1 كاتێ تێده‌په‌ڕی، پیاوێكی بینی كه‌ به‌ زگماك نابینا بوو، 2 قوتابییه‌كانی لێیان پرسی، وتیان: (ڕابی، كێ گوناهی كردووه‌، ئه‌م پیاوه‌ یان دایك و باوكی، وا به‌ زگماك نابینایه‌؟) 3 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (نه‌ ئه‌مه‌ گوناهی كردووه‌ نه‌ دایك و باوكیشی، به‌ڵكو تاكو كاره‌كانی خودای تێدا ده‌ربكه‌وێت. 4 تاكو ڕۆژه‌ له‌سه‌رمانه‌ كاری ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ناردوومی. ئه‌گینا شه‌و دادێت و كه‌س ناتوانێت كاری تێدا بكات. 5 ئه‌وه‌نده‌ی له‌ جیهان‌دام، منم ڕووناكی جیهان.) 6 ئه‌مه‌ی فه‌رموو و تفی له‌سه‌ر زه‌وی كرد، به‌ تفه‌كه‌ قوڕی گرته‌وه‌، به‌ قوڕه‌كه‌ش چاوی سواخ دا. 7 پێی فه‌رموو: (بڕۆ له‌ گۆمی سیلوام (واتا: نێردراو) خۆت بشۆ.) جا ڕۆیشت، شۆردی و به‌ چاوكراوه‌یی هاته‌وه‌. 8 ئینجا دراوسێ و ئه‌وانه‌ی پێشتر بینیبوویان سواڵ ده‌كات وتیان: (ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ داده‌نیشت و سواڵی ده‌كرد؟) 9 هه‌ندێك وتیان: (خۆیه‌تی.) هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: (نه‌خێر، به‌ڵام له‌و ده‌كات.) ئه‌ویش ده‌یووت: (من ئه‌وم.) 10 ئینجا پێیان وت: (ئه‌ی چۆن چاوت كرایه‌وه‌؟) 11 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (پیاوێك پێی ده‌ووترێ عیسا، قوڕی گرته‌وه‌ و چاومی سواخ دا، پێی فه‌رمووم: "بڕۆ له‌ گۆمی سیلوام خۆت بشۆ." منیش ڕۆیشتم، شۆردم و بینیم.) 12 پێیان وت: (ئه‌و له‌كوێیه‌؟) وتی: (نازانم.) 13 جا ئه‌وه‌ی پێشتر نابینا بوو بردییانه‌ لای فه‌ریسییه‌كان. 14 ئه‌و ڕۆژه‌ی عیسا قوڕه‌كه‌ی گرته‌وه‌ و چاوی كرده‌وه‌ شه‌ممه‌ بوو. 15 فه‌ریسییه‌كانیش لێیان پرسی چۆن بینیت. پێی‌ووتن: (قوڕی خسته‌ سه‌ر چاوم، منیش شوشتم و ده‌بینم.) 16 هه‌ندێك له‌ فه‌ریسییه‌كان وتیان: (ئه‌م پیاوه‌ له‌ خوداوه‌ نییه‌، چونكه‌ شه‌ممه‌ ناپارێزێت.) به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: (چۆن پیاوێكی گوناهبار ده‌توانێت نیشانه‌ی ئاوا بكات؟) ئیتر دووبه‌ره‌كییان تێدابوو. 17 دیسان به‌ نابیناكه‌یان وت: (تۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و چی ده‌ڵێی، چونكه‌ چاوی تۆی كرده‌وه‌؟) وتی: (پێغه‌مبه‌ره‌.) 18 جوله‌كه‌ باوه‌ڕیان نه‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ نابینا بووه‌ و وا ده‌بینێت، تاكو دایك و باوكی ئه‌وه‌یان بانگ‌كرد كه‌ ده‌بینێت. 19 لێیان پرسین: (ئایا ئه‌مه‌ كوڕتانه‌ كه‌ ده‌ڵێن به‌ زگماك نابینا بووه‌؟ ئه‌ی ئێستا چۆن ده‌بینێت؟) 20 دایك و باوكی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (ده‌زانین ئه‌مه‌ كوڕمانه‌ و به‌ زگماك نابینا بوو. 21 به‌ڵام نازانین ئێستا چۆن ده‌بینێت، یان نازانین كێ چاوی كردۆته‌وه‌. له‌ خۆی بپرسن، به‌ته‌مه‌نه‌، باسی خۆی ده‌كات.) 22 دایك و باوكی له‌ ترسی جوله‌كه‌ ئه‌مه‌یان وت، چونكه‌ جوله‌كه‌ ته‌گبیریان كردبوو هه‌ر كه‌سێك دانبنێت كه‌ عیسا مه‌سیحه‌كه‌یه‌، له‌ كه‌نیشت ده‌ریده‌كه‌ن. 23 بۆیه‌ دایك و باوكی وتیان: (به‌ته‌مه‌نه‌، له‌ خۆی بپرسن.) 24 دیسان فه‌ریسییه‌كان ئه‌و پیاوه‌ی پێشتر نابینا بوو بانگیان كرد و پێیان وت: (خودا شكۆدار بكه‌! ده‌زانین ئه‌م پیاوه‌ گوناهباره‌.) 25 كابرا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌گه‌ر گوناهباره‌، نازانم، یه‌ك شت ده‌زانم، نابینا بووم و ئێستا ده‌بینم.) 26 بۆیه‌ پێیان وت: (چی لێ‌كردیت؟ چۆن چاوی تۆی كرده‌وه‌؟) 27 وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (پێم وتن گوێتان لێ نه‌گرتم. بۆچی دیسان ده‌تانه‌وێ ببیستن؟ ئێوه‌ش ده‌تانه‌وێ ببنه‌ قوتابی ئه‌و؟) 28 جنێویان پێی‌دا و وتیان: (تۆ قوتابی ئه‌ویت! به‌ڵام ئێمه‌ قوتابی موساین. 29 ده‌زانین خودا قسه‌ی له‌گه‌ڵ موسا كرد، به‌ڵام نازانین ئه‌مه‌ له‌كوێوه‌ هاتووه‌.) 30 كابرا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌مه‌ شتێكی سه‌یره‌! ئه‌و چاوی كردوومه‌ته‌وه‌، ئێوه‌ش نازانن له‌كوێوه‌ هاتووه‌. 31 ده‌زانین خودا گوێ له‌ گوناهباران ناگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌خواترس بێت و به‌ خواستی بكات، ئه‌وا گوێی لێ ده‌گرێت. 32 هه‌رگیز نه‌بیستراوه‌ یه‌كێك چاوی مرۆڤێكی به‌ زگماك نابینای كردبێته‌وه‌. 33 ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌سه‌ له‌ خوداوه‌ نه‌بێت، نه‌یده‌توانی هیچ بكات.) 34 پێیان وت: (تۆ به‌ ته‌واوی له‌ گوناه‌ له‌دایك بوویت. تۆ فێرمان ده‌كه‌یت؟) جا ده‌ریان‌كرد. 35 عیسا بیستی ده‌ریان‌كردووه‌، دۆزییه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: (باوه‌ڕ به‌ كوڕی مرۆڤ ده‌كه‌یت؟) 36 كابرا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م، ئه‌و كێیه‌ تاكو باوه‌ڕی پێ بكه‌م؟) 37 عیسا پێی فه‌رموو: (ئه‌وه‌ی بینیت و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵت ده‌دوێت، ئه‌وه‌ خۆیه‌تی.) 38 ئه‌ویش وتی: (گه‌وره‌م باوه‌ڕ ده‌كه‌م.) ئینجا كڕنۆشی بۆ برد. 39 عیسا فه‌رمووی: (بۆ حوكمدان هاتوومه‌ته‌ ئه‌م جیهانه‌، تاكو ئه‌وانه‌ی نابینن ببینن و ئه‌وانه‌ی ده‌بینن كوێر بن.) 40 ئه‌وانه‌ی له‌ فه‌ریسییه‌كان بوون و له‌گه‌ڵی بوون كه‌ گوێیان له‌مه‌ بوو، پێیان وت: (ئایا ئێمه‌ش كوێرین؟) 41 عیسا پێی فه‌رموون: (ئه‌گه‌ر كوێر بوونایه‌ گوناهتان نه‌ده‌بوو. به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێن: "ده‌بینین،" بۆیه‌ گوناهه‌كه‌تان ده‌مێنێته‌وه‌.)

یه‌حیا 10

من شوانه‌ دڵسۆزه‌كه‌م

1 (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگاوه‌ ناچێته‌ ناو پشتیری مه‌ڕه‌كان، به‌ڵكو به‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌دا بۆی سه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ دز و جه‌رده‌یه‌. 2 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگاوه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌، ئه‌وه‌ شوانی مه‌ڕانه‌. 3 ده‌رگاوانیش لێی ده‌كاته‌وه‌، مه‌ڕیش گوێ له‌ ده‌نگی ده‌گرن، به‌ ناو بانگی مه‌ڕه‌كانی خۆی ده‌كات و ده‌یانباته‌ ده‌ره‌وه‌. 4 كاتێ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆی هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌پێشیانه‌وه‌ ده‌ڕوات و مه‌ڕه‌كانیش دوای ده‌كه‌ون، چونكه‌ ده‌نگی ده‌ناسن. 5 هه‌رگیز دوای بێگانه‌ ناكه‌ون، به‌ڵكو لێی ڕاده‌كه‌ن، چونكه‌ ده‌نگی بێگانه‌ ناناسن.) 6 عیسا ئه‌م نموونه‌یه‌ی بۆ گێڕانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان تێ‌نه‌گه‌یشتن باسی چییان بۆ ده‌كات. 7 بۆیه‌ دیسان عیسا فه‌رمووی: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، منم ده‌رگای مه‌ڕه‌كان. 8 هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێش من هاتوون دز و جه‌رده‌ بوون، به‌ڵام مه‌ڕه‌كان گوێیان لێ نه‌گرتن. 9 منم ده‌رگاكه‌. ئه‌وه‌ی له‌ منه‌وه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌ ڕزگاری ده‌بێت، دێته‌ ژووره‌وه‌ و ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌وه‌ڕگا ده‌دۆزێته‌وه‌. 10 دز نایه‌ت بۆ دزین و كوشتن و له‌ناوبردن نه‌بێت. به‌ڵام من هاتووم تاكو ئه‌وان ژیانیان هه‌بێت، ژیانێكی پڕ. 11 منم شوانه‌ دڵسۆزه‌كه‌. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی بۆ مه‌ڕه‌كانی داده‌نێت. 12 به‌كرێگیراویش شوان نییه‌ و مه‌ڕه‌كان هی ئه‌و نین. ده‌بینێت گورگ دێت، مه‌ڕه‌كان به‌جێ‌ده‌هێڵێت و ڕاده‌كات، گورگیش مه‌ڕه‌كان ده‌بات و په‌رته‌وازه‌یان ده‌كات. 13 چونكه‌ به‌ كرێ گیراوه‌ و خه‌می مه‌ڕه‌كانی نییه‌. 14 منم شوانه‌ دڵسۆزه‌كه‌. هی خۆم ده‌ناسم و هی خۆشم ده‌مناسن، 15 وه‌ك باوك ده‌مناسێت، منیش باوك ده‌ناسم. ژیانم بۆ مه‌ڕه‌كان داده‌نێم. 16 هه‌روه‌ها مه‌ڕی دیكه‌م هه‌یه‌ سه‌ر به‌م پشتیره‌یه‌ نین، ده‌بێ ئه‌وانیش بهێنم، ئه‌وانیش گوێیان له‌ ده‌نگم ده‌بێت، جا ده‌بنه‌ یه‌ك مێگه‌ل و یه‌ك شوان. 17 بۆیه‌ باوك منی خۆش‌ده‌وێت، چونكه‌ ژیانی خۆم داده‌نێم تاكو وه‌ری بگرمه‌وه‌. 18 كه‌س له‌ منی ناستێنێت، به‌ڵكو خۆم دایده‌نێم. ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌ دایبنێم و ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌ بیبه‌مه‌وه‌. ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌م له‌ باوكمه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.) 19 به‌هۆی ئه‌م قسانه‌ دیسان دووبه‌ره‌كی له‌نێو جوله‌كه‌ په‌یدابوو. 20 زۆربه‌یان وتیان: (رۆحی پیسی هه‌یه‌ و وڕێنه‌ ده‌كات. بۆچی گوێی لێ ده‌گرن؟) 21 هه‌ندێكی دیكه‌یان وتیان: (ئه‌مه‌ قسه‌ی یه‌كێك‌ نییه‌ ڕۆحی‌پیسی تێدابێت. ئایا ڕۆحی‌پیس ده‌توانێت چاوی نابینا بكاته‌وه‌؟)

من و باوك یه‌كین

22 زستان بوو و له‌ ئۆرشه‌لیم جه‌ژنی هه‌نوكه‌ بوو، 23 عیساش له‌ په‌رستگا له‌ هه‌یوانی سلێمان پیاسه‌ی ده‌كرد. 24 جوله‌كه‌ لێی كۆبوونه‌وه‌ و پێیان وت: (تا كه‌ی به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌مانهێڵیته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، به‌ ئاشكرا پێمان بڵێ.) 25 عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (پێم وتن به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌ن. ئه‌و كارانه‌ی به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ ده‌یكه‌م، شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن. 26 به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌ن، چونكه‌ له‌ مه‌ڕه‌كانم نین. 27 مه‌ڕه‌كانم گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرن، منیش ده‌یانناسم و دوام‌ده‌كه‌ون، 28 ژیانی تاهه‌تاییان ده‌ده‌مێ و هه‌رگیز له‌ناو ناچن، كه‌سیش له‌ ده‌ستم نایانڕفێنێت. 29 باوكم كه‌ به‌ منی داون له‌ هه‌مووان گه‌وره‌تره‌، كه‌سیش ناتوانێت له‌ ده‌ستی باوك بیانڕفێنێت. 30 من و باوك یه‌كین.) 31 دیسان جوله‌كه‌ به‌ردیان هه‌ڵگرت تاكو به‌ردبارانی بكه‌ن. 32 عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (زۆر كاری چاكم له‌لایه‌ن باوكه‌كه‌وه‌ پیشاندان، به‌هۆی كامیانه‌وه‌ به‌ردبارانم ده‌كه‌ن؟) 33 جوله‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (له‌به‌ر كردارێكی چاك به‌ردبارانت ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌هۆی كفره‌وه‌، چونكه‌ تۆ مرۆڤێكی و خۆت ده‌كه‌یت به‌ خودا.) 34 عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئایا له‌ ته‌وراته‌كه‌تان نه‌نووسراوه‌: {من وتم ئێوه‌ خودایه‌كانن}؟ 35 ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ به‌ "خودایه‌كان" بانگ بكات كه‌ وشه‌ی خودا بۆ ئه‌وان هاتووه‌ - و ناتوانرێت نووسراوه‌كه‌ بشكێندرێت - 36 چۆن ئه‌وه‌ی كه‌ باوكه‌كه‌ پیرۆزی كردووه‌ و بۆ جیهانی ناردووه‌ ده‌ڵێن، "كفر ده‌كات،" چونكه‌ وتم: "كوڕی خودام"؟ 37 ئه‌گه‌ر كاره‌كانی باوكم ناكه‌م، باوه‌ڕم پێ مه‌كه‌ن. 38 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌یكه‌م، هه‌رچه‌نده‌ باوه‌ڕیشم پێ ناكه‌ن، باوه‌ڕ به‌و كارانه‌ بكه‌ن، تاكو بزانن و تێ‌بگه‌ن كه‌ باوك له‌ من دایه‌ و منیش له‌ باوك‌دام.) 39 دیسان ویستیان بیگرن، به‌ڵام له‌ ده‌ستیان ده‌رچوو. 40 ئینجا عیسا چۆوه‌ ئه‌وبه‌ری ئوردون و له‌وێ مایه‌وه‌، له‌و شوێنه‌ی كه‌ یه‌حیا یه‌كه‌م جار خه‌ڵكی له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشا. 41 زۆر خه‌ڵك هاتنه‌ لای و ده‌یان‌ووت: (یه‌حیا هیچ نیشانه‌یه‌كی نه‌كرد، به‌ڵام هه‌رچی یه‌حیا ده‌رباره‌ی ئه‌م پیاوه‌ وتی ڕاست بوو.) 42 له‌وێ خه‌ڵكێكی زۆر باوه‌ڕیان پێ هێنا.

یه‌حیا 11

مردنی له‌عازر

1 پیاوێك به‌ ناوی له‌عازری بێت‌عه‌نیا نه‌خۆش بوو، خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی مریه‌م و مه‌رسای خوشكی بوو. 2 مریه‌م ئه‌وه‌بوو كه‌ خوداوه‌ندی به‌ بۆن چه‌وركرد و به‌ پرچی پێیه‌كانی سڕییه‌وه‌، له‌عازری براشی نه‌خۆش بوو. 3 خوشكه‌كان هه‌واڵیان بۆ نارد و وتیان: (گه‌وره‌م، ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی خۆشت‌ده‌وێت نه‌خۆشه‌.) 4 كاتێ عیسا ئه‌مه‌ی بیست فه‌رمووی: (ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بۆ مردن نییه‌، به‌ڵكو بۆ شكۆداری خودایه‌، تاكو به‌هۆیه‌وه‌ كوڕی خودا شكۆدار بێت.) 5 عیساش مه‌رسا و خوشكه‌كه‌ی و له‌عازری خۆش‌ده‌ویست، 6 بۆیه‌ كاتێ بیستی نه‌خۆشه‌، له‌و شوێنه‌ی لێی‌بوو دوو ڕۆژ مایه‌وه‌. 7 دوای ئه‌مه‌ به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (با بچینه‌وه‌ یه‌هودیا.) 8 قوتابییه‌كان پێیان وت: (ڕابی، ئێستا جوله‌كه‌ به‌ته‌مابوون به‌ردبارانت بكه‌ن، دیسان ده‌چیته‌وه‌ ئه‌وێ؟) 9 عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئایا ڕۆژ دوازده‌ كاتژمێر نییه‌؟ ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژ بڕوات ساتمه‌ ناكات، چونكه‌ ڕووناكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌بینێت. 10 به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ شه‌و بڕوات ساتمه‌ ده‌كات، چونكه‌ ڕووناكی تێدا نییه‌.) 11 ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، پاشان پێی فه‌رموون: (له‌عازری دۆستمان نووستووه‌، به‌ڵام ده‌چم تاكو به‌خه‌به‌ری بهێنمه‌وه‌.) 12 ئینجا قوتابییه‌كان پێیان وت: (گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر نووستووه‌، چاك‌ده‌بێته‌وه‌.) 13 عیسا باسی مردنی ئه‌وی كرد، به‌ڵام ئه‌وان وایانزانی باسی نووستنی پشوودان ده‌كات. 14 عیساش به‌ ئاشكرا پێی فه‌رموون: (له‌عازر مرد. 15 له‌به‌ر ئێوه‌ دڵشادم كه‌ له‌وێ نه‌بووم، تاكو باوه‌ڕ بهێنن. به‌ڵام با بڕۆینه‌ لای.) 16 تۆماسیش كه‌ به‌ دووانه‌ بانگ ده‌كرا، به‌ قوتابییه‌ هاوه‌ڵه‌كانی وت: (با ئێمه‌ش بڕۆین تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بمرین.)

منم هه‌ڵستانه‌وه‌ و ژیان

17 كاتێ عیسا گه‌یشت، زانی وا چوار ڕۆژه‌ له‌ گۆڕ دایه‌. 18 بێت‌عه‌نیاش نزیكه‌ی پازده‌ تیرهاوێژ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ دوور بوو. 19 زۆر جوله‌كه‌ هاتنه‌ لای مه‌رسا و مریه‌م تاكو سه‌ره‌خۆشی براكه‌یان لێ بكه‌ن. 20 كاتێ مه‌رسا بیستی عیسا هاتووه‌، به‌ره‌وپیری چوو، به‌ڵام مریه‌م له‌ ماڵ مایه‌وه‌. 21 ئینجا مه‌رسا به‌ عیسای وت: (گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد. 22 ئێستاش ده‌زانم هه‌رچی له‌ خودا داوا بكه‌یت، خودا ده‌تداتێ.) 23 عیسا پێی فه‌رموو: (براكه‌ت هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌.) 24 مه‌رساش پێی‌ووت: (ده‌زانم له‌ هه‌ڵستانه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌.) 25 عیسا پێی فه‌رموو: (منم هه‌ڵستانه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت ده‌ژیێته‌وه‌. 26 هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێك كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز نامرێت. باوه‌ڕ به‌مه‌ ده‌كه‌یت؟) 27 پێی‌ووت: (به‌ڵێ گه‌وره‌م. باوه‌ڕم هێناوه‌ كه‌ تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، كوڕی خودای، ئه‌وه‌ی بۆ جیهان دێت.)

گریانی عیسا

28 كه‌ ئه‌مه‌ی وت، چوو مریه‌می خوشكی بانگ‌كرد و به‌ نهێنی وتی: (مامۆستا لێره‌یه‌، بانگت ده‌كات.) 29 ئه‌ویش كه‌ ئه‌مه‌ی بیست خێرا هه‌ڵستا و هاته‌ لای. 30 عیسا هێشتا نه‌هاتبووه‌ ناو گونده‌كه‌، به‌ڵكو له‌و شوێنه‌ بوو كه‌ مه‌رسای لێ تووش‌بوو. 31 ئه‌و جوله‌كانه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵی بوون و دڵنه‌واییان ده‌كرد، بینییان مریه‌م خێرا هه‌ڵستا و چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای كه‌وتن، وایانزانی ده‌چێته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ تاكو له‌وێ بگریێت. 32 كاتێ مریه‌م گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ی عیسای لێ‌بوو و ئه‌وی بینی، به‌سه‌ر پێی‌دا كه‌وت و پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد.) 33 عیساش كه‌ بینی ده‌گریێت و ئه‌و جوله‌كانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون ده‌گریێن، كاری له‌ ڕۆحی كرد و په‌شۆكا، 34 فه‌رمووی: (له‌كوێتان داناوه‌؟) پێیان وت: (گه‌وره‌م، وه‌ره‌ و ببینه‌.) 35 جا عیسا گریا. 36 بۆیه‌ جوله‌كه‌كان وتیان: (سه‌یر بكه‌ن چه‌ند خۆشی‌ده‌ویست!) 37 به‌ڵام هه‌ندێكیان وتیان: (ئه‌مه‌ كه‌ چاوی نابیناكه‌ی كرده‌وه‌، ئایا نه‌یده‌توانی وای بكردبووایه‌ ئه‌میش نه‌مردبووایه‌؟)

زیندووكردنه‌وه‌ی له‌عازر

38 دیسان عیسا له‌ ناخه‌وه‌ كاری تێكرد و هاته‌ لای گۆڕه‌كه‌ كه‌ ئه‌شكه‌وتێك بوو به‌ردێكی پێوه‌نرابوو. 39 عیسا فه‌رمووی: (به‌رده‌كه‌ لاده‌ن.) مه‌رسای خوشكی مردووه‌كه‌ پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، بۆنی كردووه‌، چونكه‌ چوار ڕۆژه‌.) 40 عیساش پێی فه‌رموو: (ئه‌ی پێم نه‌ووتی ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بكه‌یت شكۆی خودا ده‌بینیت؟) 41 ئه‌وسا به‌رده‌كه‌یان لابرد، عیساش چاوی هه‌ڵبڕی و فه‌رمووی: (باوكه‌، سوپاست ده‌كه‌م كه‌ گوێت لێ گرتم. 42 زانیم كه‌ تۆ هه‌میشه‌ گوێم لێ ده‌گریت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌م ناوه‌ ڕاوه‌ستاون ئه‌مه‌م وت، تاكو باوه‌ڕ بكه‌ن كه‌ تۆ منت ناردووه‌.) 43 كه‌ ئه‌مه‌ی وت به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: (له‌عازر وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!) 44 ئه‌وسا مردووه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ست و قاچی به‌ كفن به‌سترابوو، ڕووشی به‌ ده‌سماڵێك پێچرابوو. عیساش پێی فه‌رموون: (بیكه‌نه‌وه‌، بهێڵن با بڕوا.)

پلانێك بۆ كوشتنی عیسا

45 بۆیه‌ زۆر له‌ جوله‌كه‌كان، كه‌ بۆ لای مریه‌م هاتبوون، كاتێ ئه‌مه‌یان بینی كه‌ عیسا كردی، باوه‌ڕیان پێی هێنا. 46 به‌ڵام هه‌ندێكیان چوونه‌ لای فه‌ریسییه‌كان و ئه‌وه‌ی عیسا كردبووی پێیان وتن. 47 بۆیه‌ كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كان سه‌نهه‌درینیان كۆكرده‌وه‌. وتیان: (چی بكه‌ین؟ چونكه‌ ئه‌م پیاوه‌ نیشانه‌ی زۆر ده‌كات. 48 ئه‌گه‌ر ئاوا لێی گه‌ڕێین هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن، ڕۆمانییه‌كانیش دێن، شوێن و گه‌لمان ده‌به‌ن.) 49 یه‌كێك له‌وان، قه‌یافا، ئه‌و ساڵه‌ سه‌رۆك كاهین بوو، پێی‌ووتن: (ئێوه‌ هیچ نازانن، 50 تێ‌ناگه‌ن، باشتر وایه‌ بۆتان پیاوێك له‌ جیاتی گه‌ل بمرێت، له‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ هه‌مووی له‌ناوبچێت.) 51 ئه‌و له‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ی نه‌ووت، به‌ڵكو له‌و ساڵه‌دا سه‌رۆك كاهین بوو، پێشبینی كرد كه‌ عیسا خه‌ریكه‌ له‌ جیاتی گه‌ل ده‌مرێت، 52 نه‌ك ته‌نها له‌ جیاتی ئه‌و گه‌له‌، به‌ڵكو تاكو منداڵانی خوداش كه‌ په‌رته‌وازه‌ بوونه‌ بۆ یه‌ك كۆبكاته‌وه‌. 53 ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ ڕاوێژیان كرد بیكوژن. 54 بۆیه‌ چیتر عیسا به‌ ئاشكرا به‌ ناو جوله‌كان‌دا نه‌ده‌گه‌ڕا، به‌ڵكو له‌وێوه‌ چووه‌ ناوچه‌كانی نزیك چۆڵه‌وانی، بۆ شارێك ناوی ئه‌فرایم بوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ مایه‌وه‌. 55 له‌و كاته‌دا جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوله‌كه‌ نزیك بوو، زۆر كه‌س له‌ گونده‌كانه‌وه‌ پێش په‌سخه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم چوون تاكو خۆیان پاك‌بكه‌نه‌وه‌. 56 جا داوای عیسایان ده‌كرد، له‌ په‌رستگا ڕاوه‌ستابوون به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: (ڕاتان چییه‌؟ نایه‌ته‌ جه‌ژن؟) 57 كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كانیش فه‌رمانیان ده‌ركردبوو ئه‌گه‌ر یه‌كێك بزانێت ئه‌و له‌كوێیه‌، ده‌بێت ئاشكرای بكات، تاكو بیگرن.

یه‌حیا 12

چه‌وركردنی عیسا بۆ مردن

1 شه‌ش ڕۆژ پێش جه‌ژنی په‌سخه‌ عیسا هاته‌ بێت‌عه‌نیا كه‌ له‌عازری لێ‌بوو، ئه‌وه‌ی عیسا له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌. 2 له‌وێ شێوێكیان بۆی كرد، مه‌رسا خزمه‌تی ده‌كرد، له‌عازریش یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵی‌دابۆوه‌. 3 مریه‌میش نیو لیترێك بۆنی ناردینی ساده‌ی گرانبه‌های هێنا و پێی عیسای چه‌وركرد، ئینجا به‌ قژی پێی سڕییه‌وه‌، ماڵه‌كه‌ش پڕبوو له‌ بۆنه‌ خۆشه‌كه‌. 4 یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ یه‌كێك بوو له‌ قوتابییه‌كانی و به‌ته‌مابوو به‌ گرتنی بدات، وتی: 5 (بۆچی ئه‌م بۆنه‌ به‌ سێ سه‌د دینار نه‌فرۆشرا و نه‌‌درا هه‌ژاران؟) 6 ئه‌مه‌ی وت نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌می هه‌ژاران ده‌خوات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دز بوو و سندوقی پاره‌شی له‌لا بوو، هه‌رچی تێدا دابنرابووایه‌ ده‌یبرد. 7 عیساش فه‌رمووی: (وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هه‌ڵیگرتبوو، 8 چونكه‌ هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵتانن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم.) 9 كاتێ حه‌شاماتێك جوله‌كه‌ زانییان ئه‌و له‌وێیه‌، هاتن، نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر عیسا، به‌ڵكو بۆ بینینی له‌عازریش كه‌ له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌. 10 ئه‌وسا كاهینانی باڵا ته‌گبیریان كرد له‌عازریش بكوژن، 11 چونكه‌ زۆر جوله‌كه‌ له‌به‌ر ئه‌و ده‌ڕۆیشتن و باوه‌ڕیان به‌ عیسا ده‌هێنا.

كه‌ژاوه‌ی پاشایانه‌

12 ڕۆژی دوایی، ئه‌و حه‌شاماته‌ی هاتبوونه‌ جه‌ژن، بیستیان عیسا دێته‌ ئۆرشه‌لیم. 13 لقه‌ دارخورمایان برد و به‌ره‌وپیری چوون، هاواریان ده‌كرد: (هۆسانا! {ستایشكراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت!} پاشای ئیسرائیل!) 14 عیسا جاشكێكی بینی، سواری بوو، وه‌ك نووسراوه‌: 15 {مه‌ترسه‌ ئه‌ی كچی سییۆن، ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێت به‌ سواری جاش ماكه‌رێك.} 16 سه‌ره‌تا قوتابییه‌كانی له‌مانه‌ تێ‌نه‌گه‌یشتن. به‌ڵام كه‌ عیسا شكۆدار كرا، بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و نووسراوه‌، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌یان بۆ ئه‌و كرد. 17 خه‌ڵكه‌كه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون كاتێ له‌عازری له‌ گۆڕه‌كه‌وه‌ بانگ‌كرد و له‌نێو مردووان‌دا هه‌ڵیستانده‌وه، شایه‌تییان بۆی ده‌دا. 18 بۆیه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ پێشوازییان كرد، چونكه‌ بیستیان ئه‌و نیشانه‌یه‌ی كردووه‌. 19 فه‌ریسییه‌كانیش به‌ یه‌كتریان وت: (ده‌بینن ئێوه‌ هیچتان له‌ ده‌ست نایه‌ت؟ ئه‌وه‌تا هه‌موو جیهان دوای كه‌وت!)

مردن ده‌رگایه‌ بۆ ژیان

20 هه‌ندێك یۆنانی له‌نێو ئه‌وانه‌ بوون كه‌ هاتبوون له‌ جه‌ژن‌دا خواپه‌رستی بكه‌ن، 21 ئه‌مان هاتنه‌ لای فیلیپۆسی خه‌ڵكی بێت‌سه‌یدای جه‌لیل، پێیان وت: (گه‌وره‌م، ده‌مانه‌وێت عیسا ببینین.) 22 فیلیپۆسیش هات و به‌ ئه‌ندراوسی وت، ئینجا ئه‌ندراوس و فلیپۆس هاتن و به‌ عیسایان وت. 23 عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: (كاتی شكۆداركردنی كوڕی مرۆڤ هاتووه‌. 24 ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، ده‌نكه‌ گه‌نم ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ ناو زه‌وی و نه‌مرێت، به‌ ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌ مرد، ئه‌وسا به‌رهه‌می زۆر ده‌دات. 25 ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی خۆش‌ده‌وێت، ده‌یدۆڕێنێت. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌م جیهانه‌دا ڕقی له‌ ژیانی خۆی ده‌بێته‌وه‌، بۆ ژیانی تاهه‌تایی هه‌ڵیده‌گرێت. 26 ئه‌وه‌ی خزمه‌تم ده‌كات با به‌دوام بكه‌وێت. جا له‌ هه‌ر شوێنێك بم، خزمه‌تكاریشم له‌وێیه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێك خزمه‌تم بكات باوكه‌كه‌ ڕێزی لێ ده‌گرێت.)

عیسا باسی مردنی خۆی ده‌كات

27 (ئێستا دڵم په‌شۆكاوه‌، چی بڵێم؟ "باوكه‌ له‌م كاته‌ ڕزگارم بكه‌"؟ نه‌خێر به‌ڵام من بۆ ئه‌م كاته‌ هاتووم. 28 باوكه‌، ناوت شكۆدار بكه‌!) جا ده‌نگێك له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: (شكۆدارم كردووه‌ و شكۆداریشی ده‌كه‌مه‌وه‌.) 29 بۆیه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێ‌بوو، وتیان: (هه‌وره‌تریشقه‌ بوو!) هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: (فریشته‌یه‌ك قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد.) 30 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: (ئه‌م ده‌نگه‌ی هات بۆ من نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئێوه‌ بوو. 31 ئێستا حوكمدانی ئه‌م جیهانه‌یه‌. ئێستا سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌رده‌كرێت. 32 كاتێ منیش له‌ زه‌وییه‌وه‌ به‌رز كرامه‌وه‌، ئه‌وا هه‌مووان بۆ لای خۆم ڕاده‌كێشم.) 33 ئه‌مه‌ی وت ئاماژه‌ی ده‌كرد به‌و مردنه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌مرێت. 34 خه‌ڵكه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (له‌ ته‌ورات‌دا بیستوومانه‌ كه‌ مه‌سیح تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ئیتر چۆن ده‌ڵێی "كوڕی مرۆڤ ده‌بێت به‌رز بكرێته‌وه‌"؟ ئه‌م كوڕی مرۆڤه‌ كێیه‌؟) 35 عیساش پێی فه‌رموون: (ڕووناكییه‌كه‌ كاتێكی كه‌م له‌گه‌ڵتانه‌. ئینجا تا ئه‌وه‌ی ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ بڕۆن نه‌وه‌ك تاریكیتان به‌سه‌ردا بێت. خۆ ئه‌وه‌ی به‌ تاریكی‌دا ده‌ڕوات نازانێ بۆ كوێ ده‌ڕوات. 36 تاوه‌كو ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌ ڕووناكییه‌كه‌ بهێنن، تاكو ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ڕووناكییه‌كه‌.) عیسا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، ڕۆیشت و لێیان شاردرایه‌وه‌. 37 هه‌رچه‌نده‌ زۆر نیشانه‌ی له‌به‌رده‌میان كرد، باوه‌ڕیان پێ نه‌هێنا، 38 تاكو وته‌ی ئیشایا پێغه‌مبه‌ر بێته‌ دی كه‌ وتی: {ئه‌ی خوداوه‌ند، كێ باوه‌ڕی به‌ په‌یامه‌كه‌مان كرد؟ بازووی خوداوه‌ند بۆ كێ ده‌ركه‌وت؟} 39 بۆیه‌ نه‌یانتوانی باوه‌ڕ بهێنن، چونكه‌ ئیشایا وتییه‌وه‌: 40 {چاویانی كوێر و دڵیانی ڕه‌ق كردبوو، تاكو به‌ چاویان نه‌بینن و به‌ دڵیان تێنه‌گه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ و منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌.} 41 ئیشایا ئه‌مانه‌ی وت، چونكه‌ شكۆی ئه‌وی بینی و باسی كرد. 42 هه‌رچه‌نده‌ زۆر له‌ سه‌رۆكه‌كانیش باوه‌ڕیان پێی هێنا، به‌ڵام له‌به‌ر فه‌ریسییه‌كان ڕایاننه‌ده‌گه‌یاند نه‌وه‌ك له‌ كه‌نیشت ده‌ربكرێن، 43 چونكه‌ زیاتر حه‌زیان له‌ شكۆی خه‌ڵكی بوو نه‌ك شكۆی خودا.

ڕووناكی باوه‌ڕ

44 عیساش هاواری كرد و فه‌رمووی: (ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، باوه‌ڕ به‌ من ناهێنێ، به‌ڵكو به‌وه‌ی ناردوومی، 45 ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌مبینێت، ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ناردوومی. 46 من وه‌ك ڕووناكی هاتوومه‌ته‌ جیهان، تاكو هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕم پێ بهێنێت له‌ تاریكی‌دا نه‌مێنێته‌وه‌. 47 ئه‌گه‌ر یه‌كێك گوێی له‌ وته‌كانم بوو و نه‌یپاراست، من حوكمی ناده‌م، چونكه‌ نه‌هاتووم تاكو جیهان حوكم بده‌م، به‌ڵكو جیهان ڕزگار بكه‌م. 48 ئه‌وه‌ی ڕه‌تم بكاته‌وه‌ و وته‌كانم وه‌رنه‌گرێت، یه‌كێكی هه‌یه‌ حوكمی بدات، ئه‌و قسه‌یه‌ی كردم له‌ ڕۆژی دوایی حوكمی ده‌دات. 49 چونكه‌ له‌ خۆمه‌وه‌ قسه‌م نه‌كردووه‌، به‌ڵكو باوك كه‌ ناردوومی، ئه‌و ڕایسپاردووم كه‌ چی بڵێم و قسه‌ی چی بكه‌م. 50 ده‌زانم ڕاسپارده‌ی ئه‌و ژیانی تاهه‌تاییه‌، جا هه‌رچی ده‌یڵێم، چۆن باوك پێی فه‌رمووم ئاوا ده‌ڵێم.)

یه‌حیا 13

عیسا پێی قوتابییه‌كانی ده‌شوات

1 پێش جه‌ژنی په‌سخه‌، عیسا ده‌یزانی كاتی هاتووه‌ ئه‌م جیهانه‌ به‌جێ‌بهێڵێت بۆ لای باوك، جا ئه‌وانه‌ی هی خۆی بوون له‌ جیهان‌دا خۆشی‌ویستن، تاكو ئه‌وپه‌ڕی خۆش‌ویستن. 2 ژه‌می ئێواره‌ بوو، شه‌یتان خستبوویه‌ دڵی یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی كوڕی شیمۆن، كه‌وا عیسا به‌ گرتن بدات. 3 عیساش ده‌یزانی باوك هه‌موو شتێكی خستۆته‌ ژێر ده‌ستی، له‌ خوداوه‌ هاتووه‌ و بۆ خوداش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 4 له‌سه‌ر خوان هه‌ڵستا، كه‌وایه‌كه‌ی داكه‌ند و خاولییه‌كی هه‌ڵگرت و له‌ ناوقه‌دی به‌ستا، 5 ئینجا ئاوی له‌ له‌گه‌نێك كرد و ده‌ستی به‌ شوشتنی پێی قوتابییه‌كان كرد و به‌و خاولییه‌ی به‌ ناوقه‌دیه‌وه‌ به‌ستبووی ده‌یسڕییه‌وه‌. 6 كاتێ گه‌یشته‌ سه‌ر شیمۆن په‌ترۆس، شیمۆن پێی‌ووت: (گه‌وره‌م تۆ پێی من ده‌شۆیت؟) 7 عیسا له‌ وه‌ڵام‌دا پێی فه‌رموو: (ئێستا ئه‌مه‌ی ده‌یكه‌م تێی‌ناگه‌یت، به‌ڵام دواتر تێی‌ده‌گه‌یت.) 8 په‌ترۆس پێی‌ووت: (هه‌رگیز پێم ناشۆیت.) عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌گه‌ر نه‌تشۆم، له‌گه‌ڵ من به‌شت نابێت.) 9 جا شیمۆن په‌ترۆس پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، ته‌نها پێم نا، به‌ڵكو ده‌ست و سه‌ریشم!) 10 عیساش پێی فه‌رموو: (ئه‌وه‌ی خۆی شوشتبێت ته‌نیا پێویستی به‌ پێ شوشتن هه‌یه‌، هه‌مووی پاكه‌. ئێوه‌ش پاكن به‌ڵام هه‌مووتان نا.) 11 چونكه‌ ده‌یزانی كێ به‌ گرتنی ده‌دات، فه‌رمووی: (هه‌مووتان پاك نین.) 12 كه‌ پێیانی شوشت، كه‌وایه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و دانیشته‌وه‌، پێی فه‌رموون: (ئایا له‌وه‌ی بۆم كردن تێگه‌یشتن؟ 13 ئێوه‌ به‌ "مامۆستا" و "گه‌وره‌" بانگم ده‌كه‌ن و ڕاست ده‌كه‌ن، چونكه‌ وام. 14 جا كه‌ من گه‌وره‌ و مامۆستام و پێم شوشتن، ئێوه‌ش له‌سه‌رتانه‌ پێی یه‌كتری بشۆن. 15 چونكه‌ نموونه‌یه‌كم پێ‌دان تاكو ئه‌وه‌ی من بۆم كردن ئێوه‌ش بیكه‌ن. 16 ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: كۆیله‌ له‌ گه‌وره‌كه‌ی گه‌وره‌تر نییه‌، نێردراویش له‌وه‌ی ناردوویه‌تی گه‌وره‌تر نییه‌. 17 ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان زانی، خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وتان كرد. 18 باسی هه‌مووتان ناكه‌م. ئه‌وانه‌ی هه‌ڵمبژاردوون ده‌یانناسم، به‌ڵام تاكو نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی: {ئه‌وه‌ی نمه‌كم ده‌كات، گۆزینگی لێ به‌رزكردمه‌وه‌.} 19 له‌ ئێستاوه‌ پێتان ده‌ڵێم پێش ڕوودانی، تاكو كاتێ ڕووی‌دا باوه‌ڕ بكه‌ن كه‌ من ئه‌وم. 20 ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌وه‌ بكات من ده‌ینێرم، پێشوازی له‌ من ده‌كات، ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌ من بكات، پێشوازی له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناردوومی.)

ناپاكی یه‌هوزا

21 كاتێ عیسا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، له‌ ڕۆح‌دا په‌شۆكا و شایه‌تی دا: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان به‌ گرتنم ده‌دات.) 22 قوتابییه‌كان سه‌یری یه‌كتریان ده‌كرد و دڵنیا نه‌بوون مه‌به‌ستی كێیه‌. 23 یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كان كه‌ عیسا خۆشی‌ده‌ویست له‌ باوه‌شی‌دا پاڵی‌دابۆوه‌، 24 شیمۆن په‌ترۆس ئاماژه‌ی بۆ كرد تاكو پرسیار بكات مه‌به‌ستی له‌ كێیه‌. 25 ئه‌ویش شانی به‌سه‌ر سینگی عیسادا دا و پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، كێیه‌؟) 26 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاروو تێهه‌ڵدێنم و ده‌یده‌مێ.) ئینجا پارووه‌كه‌ی تێهه‌ڵێنا و دایه‌ یه‌هوزای كوڕی شیمۆنی ئه‌سخه‌ریوتی. 27 پاش پارووه‌كه‌، شه‌یتان چووه‌ ناویه‌وه‌. عیساش پێی فه‌رموو: (ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌یت خێرا بیكه‌.) 28 له‌وانه‌ی دانیشتبوون كه‌سیان تێ‌نه‌گه‌یشتن بۆچی ئه‌مه‌ی پێ فه‌رموو، 29 چونكه‌ سندوقی پاره‌ش له‌لای یه‌هوزا بوو، هه‌ندێكیان وایانزانی پێی ده‌فه‌رمووێ چییان پێویسته‌ بۆ جه‌ژن بیكڕێت، یان شتێك بداته‌ هه‌ژاران. 30 ئه‌ویش كه‌ پارووه‌كه‌ی وه‌رگرت یه‌كسه‌ر ده‌رچوو. شه‌ویش بوو.

ڕاسپارده‌ی نوێ

31 كاتێ چووه‌ ده‌ره‌وه‌، عیسا فه‌رمووی: (ئێستا كوڕی مرۆڤ شكۆدار كرا و خوداش تیای‌دا شكۆدار كرا. 32 جا ئه‌گه‌ر خودا تیای‌دا شكۆدار كرا، خوداش كوڕه‌كه‌ له‌ خۆی‌دا شكۆداری ده‌كات، یه‌كسه‌ر شكۆداری ده‌كات. 33 منداڵه‌كان، ماوه‌یه‌كی كورته‌ له‌گه‌ڵتانم. جا به‌دوام‌دا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام وه‌ك به‌ جوله‌كه‌كانم وت، ئێستا به‌ ئێوه‌شی ده‌ڵێم: ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌چم. 34 ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان ده‌ده‌مێ: یه‌كتریتان خۆش‌بووێ. وه‌ك خۆشم‌ویستن، ئێوه‌ش یه‌كتریتان خۆش‌بووێ. 35 به‌مه‌ هه‌موو ده‌زانن كه‌ قوتابی منن، ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستیتان بۆ یه‌كتری هه‌بێت.)

پێشبینیكردنی نكۆڵی په‌ترۆس

36 شیمۆن په‌ترۆسیش پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، بۆ كوێ ده‌چیت؟) عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌و شوێنه‌ی بۆی ده‌چم، ئێستا ناتوانیت دوام‌بكه‌ویت، به‌ڵام دواتر دوام ده‌كه‌ویت.) 37 په‌ترۆس پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، بۆچی ئێستا ناتوانم دوات‌بكه‌وم؟ ژیانم بۆ تۆ داده‌نێم.) 38 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ژیانت بۆ من داده‌نێیت؟ ڕاستی ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: كه‌ڵه‌شێر بانگ نادات كه‌ تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت!

یه‌حیا 14

ماڵی باوكم

1 دڵته‌نگ مه‌بن. پشت به‌ خودا ببه‌ستن، پشت به‌ منیش ببه‌ستن. 2 ماڵی باوكم ژووری زۆری لێیه‌، ئه‌گینا پێم ده‌ووتن. من ده‌ڕۆم تاكو شوێنتان بۆ ئاماده‌ بكه‌م. 3 جا كه‌ ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئاماده‌كردن، دێمه‌وه‌ و ده‌تانبه‌مه‌ لای خۆم، تاكو ئێوه‌ش له‌و شوێنه‌ بن كه‌ من لێی ده‌بم. 4 ئێوه‌ش ڕێگای ئه‌و شوێنه‌ ده‌زانن كه‌ بۆی ده‌چم.)

من ڕێگا و ڕاستی و ژیانم

5 تۆماس پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، نازانین بۆ كوێ ده‌ڕۆیت، چۆن ڕێگاكه‌ بزانین؟) 6 عیساش پێی فه‌رموو: (منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. كه‌س نایه‌ته‌ لای باوكه‌كه‌ به‌هۆی منه‌وه‌ نه‌بێت. 7 ئه‌گه‌ر منتان بناسیبووایه‌، باوكیشمتان ده‌ناسی. له‌ ئێستاوه‌ ده‌یناسن و بینیووتانه‌.) 8 فیلیپۆس پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، باوكه‌كه‌مان پیشان بده‌ و به‌سمانه‌.) 9 عیساش پێی فه‌رموو: (فیلیپۆس، ئایا ماوه‌یه‌كی درێژه‌ له‌گه‌ڵتانم و نه‌تناسیوم؟ ئه‌وه‌ی منی بینیوه‌ باوكه‌كه‌ی بینیوه‌. ئیتر چۆن ده‌ڵێی: "باوكه‌كه‌مان پیشان بده‌"؟ 10 ئایا باوه‌ڕ ناكه‌ی من له‌ باوكه‌كه‌دام و باوكه‌كه‌ش له‌ من دایه‌؟ ئه‌و قسانه‌ی پێتانی ده‌ڵێم له‌ خۆمه‌وه‌ نایڵێم، به‌ڵكو باوك كه‌ له‌ من‌دا نیشته‌جێیه‌، ئه‌و كاره‌كانی خۆی ده‌كات. 11 باوه‌ڕم پێ بكه‌ن كه‌ له‌ باوكه‌كه‌دام و باوكه‌كه‌ش له‌ من دایه‌، ئه‌گه‌ر نا به‌هۆی كاره‌كان خۆیانه‌وه‌ باوه‌ڕ بكه‌ن. 12 ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌و كارانه‌ ده‌كات كه‌ من ده‌یكه‌م، له‌مانه‌ش گه‌وره‌تر ده‌كات، چونكه‌ بۆ لای باوكه‌كه‌ ده‌چم. 13 هه‌رچییه‌ك به‌ ناوی منه‌وه‌ داوا بكه‌ن ده‌یكه‌م، تاكو باوك له‌ كوڕه‌كه‌دا شكۆدار بێت. 14 ئه‌گه‌ر شتێكتان به‌ ناوی من داواكرد، ده‌یكه‌م.

به‌ڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆز

15 ئه‌گه‌ر منتان خۆش‌بووێ ڕاسپارده‌كانم ده‌پارێزن. 16 منیش داوا له‌ باوك ده‌كه‌م یارمه‌تیده‌رێكی دیكه‌تان بداتێ كه‌ تاهه‌تایه‌ له‌گه‌ڵتان بمێنێته‌وه‌، 17 ڕۆحی ڕاستی، كه‌وا جیهان ناتوانێت وه‌ری بگرێت، چونكه‌ نایبینێت و نایناسێت. به‌ڵام ئێوه‌ ده‌یناسن، چونكه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ ئێوه‌دا ده‌بێت. 18 به‌ هه‌تیوی به‌جێتان ناهێڵیم، دێمه‌وه‌ لاتان. 19 پاش كه‌مێك ئیتر جیهان نامبینێت، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌مبینن. چونكه‌ زیندووم و ئێوه‌ش ده‌ژین. 20 له‌و ڕۆژه‌دا ده‌زانن من له‌ باوكم‌دام، ئێوه‌ش له‌ من‌دان، منیش له‌ ئێوه‌دام. 21 ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی منی له‌لایه‌ و ده‌یپارێزێت، ئه‌وا منی خۆش‌ده‌وێت. ئه‌وه‌ی منی خۆش‌بووێ، باوكم خۆشی‌ده‌وێت، منیش خۆشم‌ده‌وێت و خۆمی بۆ ده‌رده‌خه‌م.) 22 یه‌هوزاش، ئه‌سخه‌ریوتییه‌كه‌ نا، پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، چی بووه‌ تاكو به‌ نیازیت خۆت بۆ ئێمه‌ ده‌ربخه‌یت، به‌ڵام بۆ جیهان نا؟) 23 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی منی خۆش‌بووێ وشه‌كه‌م ده‌پارێزێت، باوكیشم خۆشی‌ده‌وێت و دێینه‌ لای، له‌لای ئه‌ویش ماڵێك سازده‌كه‌ین. 24 ئه‌وه‌ی منیشی خۆشناوێت وشه‌كانم ناپارێزێت. ئه‌م وشه‌ی گوێتان لێی ده‌بێت هی من نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌و باوكه‌یه‌ كه‌ ناردوومی. 25 ئه‌مانه‌م پێ وتن كه‌ هێشتا له‌لاتانم. 26 به‌ڵام یارمه‌تیده‌ره‌كه‌، ڕۆحی پیرۆز، ئه‌وه‌ی باوك به‌ ناوی من ده‌ینێرێت، ئه‌و هه‌موو شتێكتان فێرده‌كات و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێم وتوون بیرتان ده‌خاته‌وه‌.

ئاشتی عیسا

27 ئاشتیتان بۆ به‌جێ ده‌هێڵم، ئاشتی خۆمتان ده‌ده‌مێ. ئه‌وه‌ی من ده‌تانده‌مێ وه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ جیهان ده‌یدات. دڵته‌نگ مه‌بن و مه‌ترسن. 28 گوێتان لێ‌بوو پێم وتن: "ده‌ڕۆم و دێمه‌وه‌ لاتان." ئه‌گه‌ر منتان خۆش‌بووێ، دڵشاد ده‌بن كه‌ ده‌چمه‌ لای باوكه‌كه‌، چونكه‌ باوكه‌كه‌ له‌ من پایه‌ به‌رزتره‌. 29 ئه‌وه‌تا پێش ڕوودانی پێم وتن، تاكو كاتێ ڕووی‌دا باوه‌ڕ بهێنن. 30 درێژه‌ به‌ قسه‌ ناده‌م، چونكه‌ سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ وا دێت و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌سه‌ر من نییه‌. 31 به‌ڵام تاكو جیهان بزانێت باوكم خۆش‌ده‌وێت و وه‌ك باوك ڕایسپاردم ئاوا ده‌كه‌م. هه‌ستن با لێره‌ بڕۆین.

یه‌حیا 15

من مێوی ڕاسته‌قینه‌م

1 منم مێوی ڕاسته‌قینه‌، باوكیشم ڕه‌زه‌وانه‌كه‌یه‌. 2 هه‌ر لقێك له‌ من‌دا به‌ر نه‌گرێت لێی ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر لقێكیش به‌ر بگرێت پاكی ده‌كاته‌وه‌ تاكو به‌رهه‌می زیاتر بدات. 3 ئێوه‌ ئێستا به‌هۆی ئه‌و قسه‌یه‌ی بۆم كردن پاكن. 4 له‌ من‌دا بچه‌سپێن و منیش له‌ ئێوه‌دا. چۆن لق له‌ خۆیه‌وه‌ ناتوانێت به‌رهه‌م بگرێت ئه‌گه‌ر له‌ مێوه‌كه‌دا نه‌چه‌سپێت، ئێوه‌ش ئاوان، ئه‌گه‌ر له‌ من‌دا نه‌چه‌سپێن. 5 منم مێوه‌كه‌ و ئێوه‌ش لقه‌كانن. ئه‌وه‌ی له‌ من‌دا بچه‌سپێت و منیش له‌و، ئه‌وا به‌رهه‌می زۆر ده‌گرێت. چونكه‌ به‌بێ من ناتوانن هیچ شتێك بكه‌ن. 6 ئه‌وه‌ی له‌ من‌دا نه‌چه‌سپێت وه‌ك لق فڕێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌، وشك ده‌بێت و كۆده‌كرێته‌وه‌، فڕێده‌درێته‌ ناو ئاگر و ده‌سووتێت. 7 ئه‌گه‌ر له‌ من‌دا بچه‌سپێن و وشه‌كانم له‌ناوتان‌دا بچه‌سپێت، چیتان ده‌وێ داوای بكه‌ن بۆتان ده‌بێت. 8 باوكم به‌مه‌ شكۆدار ده‌بێت، كه‌ به‌رهه‌می زۆر بهێنن، ئاوا ده‌بنه‌ قوتابی من. 9 وه‌ك باوك خۆشی‌ویستم، منیش خۆشم‌ویستن، جا له‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌م‌دا بچه‌سپێن. 10 ئه‌گه‌ر ڕاسپارده‌كانم بپارێزن، له‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌م‌دا ده‌چه‌سپێن، وه‌ك من ڕاسپارده‌كانی باوكم پاراستووه‌ و له‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی‌دا ده‌چه‌سپێم. 11 ئه‌م شتانه‌م پێ وتن تاكو خۆشی منتان تێدابێت و خۆشیتان به‌ ته‌واوی بێت. 12 ڕاسپارده‌ی من ئه‌مه‌یه‌: یه‌كتریتان خۆش‌بووێ وه‌ك خۆشم‌ویستن. 13 كه‌س خۆشه‌ویستی له‌مه‌ گه‌وره‌تری نییه‌ كه‌ یه‌كێك ژیانی خۆی بۆ دۆسته‌كانی دابنێت. 14 ئێوه‌ دۆستی منن، ئه‌گه‌ر كار به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ڕاتان‌ده‌سپێرم. 15 ئیتر به‌ كۆیله‌ ناوتان نابه‌م، چونكه‌ كۆیله‌ نازانێت گه‌وره‌كه‌ی چی ده‌كات. به‌ڵام ناوی دۆستم لێنان چونكه‌ هه‌رچییه‌كم له‌ باوكم بیستبوو پێم ڕاگه‌یاندن. 16 ئێوه‌ منتان هه‌ڵنه‌بژارد، به‌ڵكو من ئێوه‌م هه‌ڵبژارد، نیشانم كردن تاكو بڕۆن به‌رهه‌م بهێنن و به‌رهه‌مه‌كه‌تان بمێنێت، تاكو هه‌رچییه‌ك به‌ ناوی من داوا بكه‌ن باوك بتانداتێ. 17 به‌مانه‌ ڕاتان‌ده‌سپێرم تاكو یه‌كتریتان خۆش‌بووێ.

ڕقبوونه‌وه‌ له‌ عیسا و قوتابییه‌كانی

18 ئه‌گه‌ر جیهان ڕقی لێتان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بزانن پێش ئێوه‌ ڕقی له‌ من‌بۆوه‌. 19 ئه‌گه‌ر هی جیهان بوونایه‌، جیهان ئه‌وانه‌ی هی خۆیه‌تی خۆشی‌ده‌وێن. به‌ڵام چونكه‌ هی جیهان نین و من له‌ جیهان هه‌ڵمبژاردوون، بۆیه‌ جیهان ڕقی لێتانه‌. 20 به‌ بیرتان بێته‌وه‌ چیم پێ وتن: "كۆیله‌ له‌ گه‌وره‌كه‌ی گه‌وره‌تر نییه‌." ئه‌گه‌ر منیان چه‌وساندبێته‌وه‌، ئێوه‌ش ده‌چه‌وسێننه‌وه‌. ئه‌گه‌ر وشه‌ی منیان پاراستووه‌، هی ئێوه‌ش ده‌پارێزن. 21 به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌تان له‌ به‌ر ناوی من پێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ناردوومی ئه‌وان نایناسن. 22 ئه‌گه‌ر نه‌هاتبوومایه‌ و قسه‌م بۆ نه‌كردبوونایه‌، گوناهیان نه‌ده‌بوو، به‌ڵام ئێستا بیانوویان نییه‌ بۆ گوناهه‌كه‌یان. 23 ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ من بێته‌وه‌، ڕقی له‌ باوكیشمه‌. 24 ئه‌گه‌ر له‌نێوانیان‌دا ئه‌و كارانه‌م نه‌كردبووایه‌ كه‌ كه‌سی دیكه‌ نه‌یكردووه‌، گوناهیان نه‌ده‌بوو. به‌ڵام ئێستا بینییان و ڕقیان له‌ من و له‌ باوكم بۆوه‌. 25 به‌ڵام ئه‌مه‌ بوو تاكو ئه‌و وته‌یه‌ بێته‌ دی كه‌ له‌ ته‌وراته‌كه‌یان‌دا نووسراوه‌: {به‌بێ هۆ ڕقیان لێم‌بۆوه‌.} 26 جا كاتێ یارمه‌تیده‌ره‌كه‌ دێت، ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن باوكه‌كه‌وه‌ بۆتانی ده‌نێرم، ڕۆحی ڕاستی، كه‌ له‌ باوكه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت، ئه‌و شایه‌تیم بۆ ده‌دات. 27 ئێوه‌ش شایه‌تی ده‌ده‌ن، چونكه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ منن.

یه‌حیا 16

كاری ڕۆحی پیرۆز

1 ئه‌م شتانه‌م پێ وتن، تاكو ساتمه‌ نه‌كه‌ن. 2 له‌ كه‌نیشته‌كان ده‌رده‌كرێن، به‌ڵكو كاتێ دێت ئه‌وه‌ی ده‌تانكوژێت واده‌زانێت خزمه‌تی خودا ده‌كات. 3 ئه‌مانه‌ش ده‌كه‌ن چونكه‌ نه‌ باوكه‌كه‌یان ناسیوه‌ و نه‌ من. 4 به‌ڵام ئه‌مانه‌م پێ وتن، تاكو ئه‌گه‌ر كاتیان هات بیرتان بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ من پێم وتوون. له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌مانه‌م پێ نه‌ووتن، چونكه‌ له‌گه‌ڵتان بووم. 5 ئێستا ده‌چمه‌ لای ئه‌وه‌ی ناردوومی و كه‌ستان ناپرسێت: "بۆ كوێ ده‌چیت؟" 6 چونكه‌ ئه‌مه‌م پێ وتن، دڵگرانی دایگرتن. 7 به‌ڵام ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: باشتره‌ بۆتان كه‌ بڕۆم، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆم، یارمه‌تیده‌ره‌كه‌ بۆتان نایه‌ت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕۆم بۆتانی ده‌نێرم. 8 كاتێ ئه‌و دێت، جیهان سه‌رزه‌نشت ده‌كات له‌سه‌ر گوناه‌ و له‌سه‌ر ڕاستودروستی و له‌سه‌ر حوكمدان: 9 له‌سه‌ر گوناه‌، چونكه‌ باوه‌ڕم پێ ناهێنن. 10 له‌سه‌ر ڕاستودروستی، چونكه‌ ده‌چمه‌ لای باوك و ئیتر نامبینن. 11 له‌سه‌ر حوكمدانیش، چونكه‌ گه‌وره‌ی ئه‌م جیهانه‌ حوكم دراوه‌. 12 هێشتا شتی زۆرم هه‌یه‌ پێتانی بڵێم، به‌ڵام ئێستا ناتوانن به‌رگه‌ی بگرن. 13 به‌ڵام كاتێ ئه‌و هات، ڕۆحی ڕاستی، ئه‌و بۆ ڕاستی ته‌واو ڕێنماییتان ده‌كات، چونكه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ ناڵێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گوێی لێ ده‌بێت ده‌یڵێت و ڕاده‌گه‌یه‌نێت چی ڕووده‌دات. 14 ئه‌و شكۆدارم ده‌كات، چونكه‌ له‌ هی من وه‌رده‌گرێت و پێتانی ڕاده‌گه‌یه‌نێت. 15 هه‌رچی باوك هه‌یه‌تی هی منه‌. بۆیه‌ وتم، ڕۆحه‌كه‌ له‌ هی من وه‌رده‌گرێت و پێتانی ڕاده‌گه‌یه‌نێت. 16 پاش كه‌مێك ئیتر نامبینن، پاش كه‌مێكیش ده‌مبینن.)

خۆشی دوای ناخۆشی

17 هه‌ندێك له‌ قوتابییه‌كانی به‌ یه‌كتریان وت: (ئه‌مه‌ چییه‌ كه‌ پێمان ده‌فه‌رمووێ: "پاش كه‌مێك ئیتر نامبینن، پاش كه‌مێكیش ده‌مبینن" و "چونكه‌ ده‌چمه‌ لای باوك"؟) 18 وتیان: (ئه‌م "كه‌م"ه‌یه‌ چییه‌ كه‌ باسی ده‌كات؟ نازانین چی ده‌فه‌رمووێ!) 19 عیسا زانی كه‌ ده‌یانویست پرسیاری لێ بكه‌ن، ئینجا پێی فه‌رموون: (ئایا له‌به‌ر ئه‌مه‌ پرسیار له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن كه‌ وتم: "پاش كه‌مێك ئیتر نامبینن، پاش كه‌مێكیش ده‌مبینن"؟ 20 ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئێوه‌ ده‌گریێن و شیوه‌ن ده‌كه‌ن، به‌ڵام جیهان دڵشاد ده‌بێ. خه‌مبار ده‌بن، به‌ڵام خه‌مباریتان ده‌بێته‌ شادی. 21 كاتێ ژن منداڵی ده‌بێت خه‌می هه‌یه‌، چونكه‌ كاتی هاتووه‌. به‌ڵام كه‌ منداڵه‌كه‌ی بوو، له‌ خۆشی ئه‌وه‌ی مرۆڤێك له‌ جیهان له‌دایك بوو ژانه‌كانی له‌بیر ده‌كات. 22 ئێوه‌ش ئێستا خه‌متان هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌تانبینمه‌وه‌ و دڵشاد ده‌بن، كه‌سیش ئه‌و خۆشییه‌تان لێ ناستێنێت. 23 له‌و ڕۆژه‌دا پرسیاری هیچم لێ ناكه‌ن. ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: به‌ ناوی منه‌وه‌ هه‌رچییه‌ك له‌ باوك داوا بكه‌ن ده‌تانداتێ. 24 تا ئێستا به‌ ناوی منه‌وه‌ هیچتان داوا نه‌كردووه‌. داوا بكه‌ن وه‌ری ده‌گرن، تاكو خۆشییه‌كه‌تان ته‌واو بێت.

من جیهانم به‌زاند

25 ئه‌م شتانه‌م به‌ په‌ند بۆ باسكردن، به‌ڵام كاتێ دێت ئیتر به‌ په‌ند بۆتان نادوێم، به‌ڵكو به‌ ئاشكرا باسی باوكتان بۆ ده‌كه‌م. 26 له‌و ڕۆژه‌دا به‌ ناوی منه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ن. ئیتر پێتان ناڵێم له‌لای باوكه‌كه‌ بۆتان داوا ده‌كه‌م. 27 چونكه‌ باوكه‌كه‌ خۆی خۆشی‌ده‌وێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منتان خۆش‌ویستووه‌ و باوه‌ڕتان كرد كه‌ له‌ خوداوه‌ ده‌رچووم. 28 له‌ باوكه‌وه‌ ده‌رچووم و بۆ جیهان هاتووم، جیهانیش به‌جێ ده‌هێڵم و بۆ لای باوك ده‌چم.) 29 قوتابییه‌كانی وتیان: (ئه‌وه‌تا ئێستا به‌ ئاشكرا قسه‌ ده‌فه‌رموویت و به‌ په‌ند قسه‌ نافه‌رموویت. 30 ئێستا ده‌زانین تۆ هه‌موو شتێك ده‌زانیت و پێویست ناكات كه‌س پرسیارت لێ بكات. به‌مه‌ش باوه‌ڕ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ خوداوه‌ ده‌رچووی.) 31 عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئایا ئێستا باوه‌ڕ ده‌كه‌ن؟ 32 ئه‌وه‌تا كاتێ دێت و ئێستا هاتووه‌، كه‌ په‌رته‌وازه‌ ده‌بن، هه‌ریه‌كه‌ بۆ ماڵی خۆی و به‌ ته‌نها به‌جێم ده‌هێڵن. به‌ڵام به‌ ته‌نها نیم، چونكه‌ باوك له‌گه‌ڵم دایه‌. 33 ئه‌مانه‌م پێ وتن تاكو ئاشتیتان له‌ من‌دا هه‌بێت. له‌ جیهان‌دا ته‌نگانه‌تان هه‌یه‌. به‌ڵام وره‌تان به‌رز بێت، جیهانم به‌زاندووه‌.)

یه‌حیا 17

نوێژی عیسا بۆ باوه‌ڕداران

1 كه‌ عیسا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، چاوی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵبڕی و فه‌رمووی: (باوكه‌، كاته‌كه‌ هاتووه‌. كوڕه‌كه‌ت شكۆدار بكه‌، تاكو كوڕه‌كه‌شت شكۆدارت بكات. 2 وه‌ك ده‌سه‌ڵاتت پێ‌داوه‌ به‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵك‌دا، تاكو ژیانی تاهه‌تایی به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ بدات كه‌ پێت داوه‌. 3 ژیانی تاهه‌تاییش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تۆ بناسن، ته‌نها خودای ڕاسته‌قینه‌ و عیسای مه‌سیح، ئه‌وه‌ی ناردووته‌. 4 من له‌سه‌ر زه‌وی شكۆدارم كردیت به‌ ته‌واوكردنی ئه‌و كاره‌ی پێت دابووم. 5 ئێستاش باوكه‌ له‌لای خۆت شكۆدارم بكه‌، به‌و شكۆیه‌ی پێش بوونی جیهان له‌لای تۆ هه‌مبوو. 6 ناوی تۆم ده‌رخست بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ جیهان‌دا به‌ منت دان، هی تۆ بوون، خۆت به‌ منت دان و وشه‌كه‌ی تۆیان پاراست. 7 ئێستاش ده‌زانن هه‌رچییه‌كت پێم داوه‌ له‌ خۆته‌وه‌یه‌. 8 چونكه‌ ئه‌و وشانه‌م پێ‌دان كه‌ تۆ پێت دابووم، ئه‌وانیش وه‌ریانگرت و به‌ ڕاستی زانییان له‌ تۆوه‌ ده‌رچووم، باوه‌ڕیان‌هێنا كه‌ تۆ منت ناردووه‌. 9 بۆ ئه‌وان داوا ده‌كه‌م. بۆ جیهان داوا ناكه‌م، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ منت داون، چونكه‌ هی تۆن. 10 هه‌رچییه‌ك هی منه‌، هی تۆیه‌، هه‌رچییه‌كیش هی تۆیه‌، هی منه‌، من له‌ ئه‌وان‌دا شكۆدار بووم. 11 ئیتر له‌ جیهان‌دا نیم، ئه‌وان له‌ جیهان‌دان، منیش دێمه‌وه‌ لای تۆ. ئه‌ی باوكی پیرۆز، به‌ ناوی خۆت بیانپارێزه‌ كه‌ به‌منت داوه‌، تاكو ببنه‌ یه‌ك وه‌ك ئێمه‌ یه‌كین. 12 كاتێ له‌گه‌ڵیان بووم به‌و ناوه‌ی كه‌ تۆ به‌ منت دابوو ده‌مپاراستن و پاسه‌وانیم كردن، كه‌سیان له‌ناونه‌چوو كوڕی له‌ناوچوو نه‌بێت، تاكو نووسراو بێته‌ دی. 13 ئێستاش دێمه‌ لای تۆ، له‌ جیهان‌دا باسی ئه‌مه‌ ده‌كه‌م، تاكو شادی من تیایان‌دا ته‌واو بێت. 14 من وشه‌ی تۆم دایه‌ ئه‌وان و جیهان ڕقی لێیان‌بۆوه‌، چونكه‌ هی جیهان نین، وه‌ك منیش هی جیهان نیم. 15 داوا ناكه‌م له‌ جیهان‌دا بیانبه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ به‌دكار بیانپارێزی. 16 ئه‌وان هی جیهان نین، وه‌ك منیش هی جیهان نیم. 17 له‌ ڕاستی‌دا پیرۆزیان بكه‌، وشه‌كه‌ی تۆ ڕاستییه‌. 18 وه‌ك بۆ جیهانت ناردم، منیش بۆ جیهانم ناردن. 19 بۆ ئه‌وان خۆم پیرۆز ده‌كه‌م، تاكو ئه‌وانیش له‌ ڕاستی‌دا پیرۆزكراو بن. 20 ته‌نها بۆ ئه‌مان داوا ناكه‌م، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌مانه‌وه‌ باوه‌ڕم پێ ده‌هێنن، 21 تاكو هه‌موو یه‌ك بن، وه‌ك تۆ له‌ مندای و منیش له‌ تۆ دام، ئه‌وانیش له‌ ئێمه‌دا بن، باوكه‌، تاكو جیهان باوه‌ڕ بهێنێت كه‌ تۆ منت ناردووه‌. 22 منیش ئه‌و شكۆیه‌م داونه‌تێ كه‌ تۆ به‌ منت داوه‌، تاكو ببنه‌ یه‌ك وه‌ك ئێمه‌ یه‌كین. 23 من له‌‌وان‌دام و تۆ له‌ من‌دای، تاكو به‌ ته‌واوی یه‌ك بن، تاكو جیهان بزانێت تۆ منت ناردووه‌ و ئه‌وانت خۆش‌ویست، وه‌ك منت خۆش‌ویست. 24 باوكه‌، ده‌مه‌وێت ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ منت داون له‌كوێ بم له‌گه‌ڵم بن، تاكو شكۆمه‌ندییه‌كه‌م ببینن كه‌ به‌ منت داوه‌، چونكه‌ پێش دامه‌زراندنی جیهان منت خۆش‌ویست. 25 باوكی ڕاستودروست، جیهان تۆ ناناسێت، به‌ڵام من تۆ ده‌ناسم، ئه‌وانیش ده‌زانن تۆ منت ناردووه‌. 26 ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان ده‌ناسێنم، تاكو ئه‌و خۆش‌ویستنه‌ی منت پێی خۆش‌ویست له‌وان‌دا بێت و منیش له‌وان‌دا بم.)

یه‌حیا 18

گرتنی عیسا

1 عیسا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی ده‌رچوون بۆ ئه‌وبه‌ری دۆڵی قدرۆن كه‌ باخچه‌یه‌كی لێ‌بوو، خۆی و قوتابییه‌كانی چوونه‌ ناوی. 2 یه‌هوزاش ئه‌وه‌ی به‌ گرتنی ده‌دا، شوێنه‌كه‌ی پێده‌زانی، چونكه‌ عیسا زۆر جار له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ كۆده‌بۆوه‌. 3 ئینجا یه‌هوزا ده‌سته‌یه‌ك سه‌رباز و خزمه‌تكارانی كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كانی برد، به‌ مه‌شخه‌ڵ و چرا و چه‌كه‌وه‌ هاته‌ ئه‌وێ. 4 عیساش هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌زانی كه‌ به‌سه‌ری ده‌هات، ده‌رچوو و پێی فه‌رموون: (كێتان ده‌وێت؟) 5 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (عیسای ناسیره‌یی). پێی فه‌رموون: (من ئه‌وم). یه‌هوزاش كه‌ به‌ گرتنی ده‌دات له‌گه‌ڵیان ڕاوه‌ستابوو. 6 كاتێ پێی فه‌رموون: (من ئه‌وم)، گه‌ڕانه‌وه‌ دواوه‌ و كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی. 7 لێی پرسینه‌وه‌: (كێتان ده‌وێت؟) وتیان: (عیسای ناسیره‌یی.) 8 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (پێم وتن من ئه‌وم. ئه‌گه‌ر به‌دوای من‌دا ده‌گه‌ڕێن، با ئه‌مانه‌ بڕۆن.) 9 بۆ هاتنه‌دی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ فه‌رمووی: (ئه‌وانه‌ی پێت دابووم كه‌سیانم ون‌نه‌كرد.) 10 شیمۆن په‌ترۆس شمشێرێكی پێ‌بوو ده‌ریهێنا، له‌ كۆیله‌ی سه‌رۆك كاهینی دا و گوێی ڕاستی بڕی. ئه‌و كۆیله‌یه‌ش ناوی مه‌لخۆس بوو. 11 عیسا به‌ په‌ترۆسی فه‌رموو: (شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی. ئایا ئه‌و جامه‌ی باوك پێی داوم نه‌یخۆمه‌وه‌؟)

له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی كاهین

12 ئیتر ده‌سته‌ سه‌ربازه‌كه‌ و فه‌رمانده‌كه‌یان و خزمه‌تكارانی جوله‌كه‌كان عیسایان گرت و به‌ستیانه‌وه‌. 13 یه‌كه‌م جار بردییانه‌ لای حه‌نان، چونكه‌ خه‌زووری قه‌یافا بوو كه‌ ئه‌و ساڵه‌ سه‌رۆك كاهین بوو. 14 قه‌یافاش ئه‌و پیاوه‌ بوو ڕاوێژی بۆ جوله‌كه‌كان كردبوو كه‌ باشتر وایه‌ پیاوێك بۆ هه‌موو گه‌ل بمرێت.

بۆ جاری یه‌كه‌م په‌ترۆس نكۆڵی ده‌كات

15 شیمۆن په‌ترۆس له‌گه‌ڵ قوتابیێكی دیكه‌ شوێنی عیسا كه‌وت. چونكه‌ ئه‌و قوتابییه‌ له‌لای سه‌رۆكی كاهینان ناسراو بوو، له‌گه‌ڵ عیسا چووه‌ كۆشكی سه‌رۆكی كاهینان، 16 به‌ڵام په‌ترۆس له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌لای ده‌رگاكه‌ ڕاوه‌ستا. به‌ڵام قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌‌ كه‌ سه‌رۆكی كاهینان ده‌یناسی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئافره‌ته‌ ده‌رگاوانه‌كه‌ كرد و په‌ترۆسی هێنایه‌ ژووره‌وه‌. 17 كاره‌كه‌ره‌ ده‌رگاوانه‌كه‌ به‌ په‌ترۆسی وت: (تۆش له‌ قوتابییه‌كانی ئه‌م كابرایه‌ نیت؟) وتی: (نه‌خێر.) 18 خزمه‌تكار و پاسه‌وانان ئاگریان كردبۆوه‌ و ڕاوه‌ستابوون خۆیان گه‌رم ده‌كرده‌وه‌، چونكه‌ سه‌رما بوو، په‌ترۆسیش له‌گه‌ڵیان وه‌ستابوو، خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌.

له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی كاهینان

19 سه‌رۆكی كاهینان ده‌رباره‌ی قوتابییه‌كانی و فێركردنه‌كه‌ی پرسیاری له‌ عیسا كرد. 20 عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (به‌ ئاشكرا بۆ جیهان دوام، هه‌رده‌م له‌ كه‌نیشت و په‌رستگادا خه‌ڵكم فێرده‌كرد، كه‌ هه‌موو جوله‌كه‌ لێی كۆده‌بنه‌وه‌. هیچم به‌ نهێنی نه‌ووتووه‌. 21 بۆ پرسیارم لێ ده‌كه‌یت؟ له‌وانه‌ بپرسه‌ كه‌ گوێیان لێ‌بووه‌ چیم پێیان وتووه‌. ئه‌مانه‌ ده‌زانن چیم وتووه‌.) 22 كاتێ ئه‌مه‌ی فه‌رموو یه‌كێك له‌ خزمه‌تكاران كه‌ له‌لای ڕاوه‌ستابوو زلله‌یه‌كی له‌ عیسا دا و وتی: (ئاوا وه‌ڵامی سه‌رۆك كاهینان ده‌ده‌یته‌وه‌؟) 23 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌گه‌ر قسه‌ی خراپم كردووه‌، شایه‌تی له‌سه‌ر خراپه‌كه‌ بده‌. ئه‌گه‌ر ڕاستیشه‌، بۆچی لێم ده‌ده‌یت؟) 24 ئینجا حه‌نان به‌ به‌ستراوه‌یی بۆ قه‌یافای سه‌رۆكی كاهینانی نارد.

بۆ جاری دووه‌م و سێیه‌م په‌ترۆس نكۆڵی ده‌كات

25 شیمۆن په‌ترۆسیش ڕاوه‌ستابوو، خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌، پێیان وت: (تۆش له‌ قوتابییه‌كانی ئه‌و نیت؟) نكۆڵی كرد و وتی: (نه‌خێر.) 26 یه‌كێك له‌ كۆیله‌كانی سه‌رۆكی كاهینان خزمی ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌ترۆس گوێی لێ‌كرده‌وه‌، وتی: (ئه‌ی له‌ باخچه‌كه‌دا تۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بینی؟) 27 دیسان په‌ترۆس نكۆڵی كرد. یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر بانگی دا.

عیسا ده‌درێته‌ ده‌ست پیلاتۆس

28 به‌یانییه‌كه‌ی جوله‌كه‌كان عیسایان له‌لای قه‌یافاوه‌ بۆ كۆشكی فه‌رمانڕه‌وایی برد. ئه‌وان نه‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ی كۆشك، نه‌وه‌ك گڵاو ببن، به‌ڵكو بتوانن په‌سخه‌ بخۆن. 29 پیلاتۆسیش هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و وتی: (چ سكاڵایه‌كتان له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه‌ هه‌یه‌؟) 30 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (ئه‌گه‌ر خراپه‌كار نه‌بووایه‌، نه‌مانده‌دایه‌ ده‌ستته‌وه‌.) 31 پیلاتۆسیش پێی‌ووتن: (بیبه‌ن، به‌گوێره‌ی شه‌ریعه‌تی خۆتان حوكمی بده‌ن.) جوله‌كه‌كان پێیان وت: (دروست نییه‌ ئێمه‌ كه‌س بكوژین.) 32 ئه‌مه‌ش ڕووی‌دا تاكو قسه‌ی عیسا بێته‌ دی كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و مردنه‌ی كه‌ ده‌مرێت. 33 بۆیه‌ پیلاتۆس چووه‌ ناو كۆشكه‌كه‌، بانگی عیسای كرد و پێی‌ووت: (تۆ پاشای جوله‌كه‌ی؟) 34 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (تۆ له‌ خۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێی، یاخود خه‌ڵكی دیكه‌ باسی منیان بۆ كردووی؟) 35 پیلاتۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئایا من جوله‌كه‌م؟ گه‌له‌كه‌ت و كاهینانی باڵا تۆیان داوه‌ته‌ ده‌ستی من. چیت كردووه‌؟) 36 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (پاشایه‌تی من له‌م جیهانه‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر پاشایه‌تی من له‌م جیهانه‌ بووایه‌، خزمه‌تكارانم ده‌جه‌نگان تاكو نه‌درێمه‌ ده‌ست جوله‌كه‌. به‌ڵام پاشایه‌تی من لێره‌ نییه‌.) 37 ئینجا پیلاتۆس پێی‌ووت: (كه‌واته‌ تۆ پاشای؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (تۆ ده‌ڵێی كه‌ من پاشام. بۆ ئه‌مه‌ له‌دایك بووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان، تاكو شایه‌تی بۆ ڕاستی بده‌م. هه‌ر كه‌سێك له‌ ڕاستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.) 38 پیلاتۆس پێی‌ووت: (ڕاستی چییه‌؟) كه‌ ئه‌مه‌ی وت دیسان بۆ لای جوله‌كه‌كان چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و پێی‌ووتن: (هیچ خراپه‌یه‌كی تێدا نابینم. 39 به‌ڵام نه‌ریتێكتان هه‌یه‌ كه‌ له‌ په‌سخه‌دا یه‌كێكتان بۆ ئازاد بكه‌م. بۆیه‌ ده‌تانه‌وێت پاشای جوله‌كه‌تان بۆ ئازاد بكه‌م؟) 40 هاواریان كرد: (ئه‌مه‌ نا! به‌ڵكو باراباس!). باراباسیش شۆڕشگێرێك بوو.

یه‌حیا 19

فه‌رمانی كوشتنی عیسا

1 ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایه‌ به‌ر قامچی. 2 سه‌ربازه‌كان تاجێكیان له‌ دڕك چنی و خستیانه‌ سه‌ر سه‌ری و جلێكی ئه‌رخه‌وانییان له‌به‌ر كرد. 3 لێی ده‌چوونه‌ پێشه‌وه‌، ده‌یان‌ووت: (سڵاو، ئه‌ی پاشای جوله‌كه‌!) و زلله‌یان لێی ده‌دا. 4 دیسان پیلاتۆس هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و پێی‌ووتن: (بۆتانی ده‌هێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ تاكو بزانن هیچ خراپه‌یه‌كی تێدا نابینم!) 5 عیسا به‌ تاجی دڕكاوی و جلی ئه‌رخه‌وانییه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، پیلاتۆس پێی‌ووتن: (ئه‌وه‌ پیاوه‌كه‌یه‌!) 6 كاتێ كاهینانی باڵا و پاسه‌وانان بینییان، هاواریان كرد: (له‌ خاچی بده‌! له‌ خاچی بده‌!) پیلاتۆس پێی‌ووتن: (ئێوه‌ بیبه‌ن و له‌ خاچی بده‌ن، چونكه‌ خراپه‌ی تێدا نابینم.) 7 جوله‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (ته‌وراتمان هه‌یه‌. به‌گوێره‌ی ته‌ورات ده‌بێت بمرێت، چونكه‌ خۆی كردۆته‌ كوڕی خودا.) 8 كاتێ پیلاتۆس گوێی له‌م قسه‌یه‌ بوو زیاتر ترسا. 9 گه‌ڕایه‌وه‌ ناو كۆشكه‌كه‌ و به‌ عیسای وت: (خه‌ڵكی كوێی؟) به‌ڵام عیسا هیچ وه‌ڵامێكی نه‌دایه‌وه‌. 10 پیلاتۆس پێی‌ووت: (قسه‌م بۆ ناكه‌یت؟ ئایا نازانیت ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌ ئازادت بكه‌م یان له‌ خاچت بده‌م؟) 11 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (هیچ ده‌سه‌ڵاتێكت به‌سه‌ر منه‌وه‌ نییه‌، مه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌وه‌ پێت نه‌درابێت. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی منی داوه‌ته‌ ده‌ستت گوناهه‌كه‌ی گه‌وره‌تره‌.) 12 ئیتر پیلاتۆس هه‌وڵی ده‌دا ئازادی بكات، به‌ڵام جوله‌كه‌ هاواریان ده‌كرد: (ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ئازاد بكه‌یت، دۆستی قه‌یسه‌ر نیت. هه‌ر كه‌سێك خۆی بكاته‌ پاشا، دژی قه‌یسه‌ر ده‌دوێت.) 13 كاتێ پیلاتۆس گوێی له‌م قسانه‌ بوو، عیسای برده‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ر كورسی دادوه‌ری دانیشت، له‌ شوێنێك پێی ده‌ووترێ به‌ردڕێژكراو، به‌ عیبریش گه‌باسا. 14 ڕۆژی ئاماده‌كاری په‌سخه‌ بوو، نزیكه‌ی كاتژمێر دوازده‌ بوو، به‌ جوله‌كه‌كانی وت: (ئه‌وه‌تا پاشاكه‌تان.) 15 ئه‌وانیش هاواریان كرد: (بیبه‌! بیبه‌! له‌ خاچی بده‌!) پیلاتۆس پێی‌ووتن: (پاشاكه‌تان له‌ خاچ بده‌م؟) كاهینانی باڵا وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (جگه‌ له‌ قه‌یسه‌ر پاشامان نییه‌.) 16 ئیتر دایه‌ ده‌ستیان تاكو له‌ خاچ بدرێت.

له‌خاچدان

ئه‌وانیش عیسایان برد. 17 به‌ خۆی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبوو، ده‌رچوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ی پێی ده‌ووترێ شوێنی كاسه‌سه‌ر، به‌ عیبریش پێی ده‌ووترێ گولگۆسا. 18 له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دیكه‌ له‌ خاچیان دا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ لایه‌كییه‌وه‌، عیساش له‌ناوه‌ڕاست. 19 پیلاتۆسیش ناونیشانێكی نووسی و له‌سه‌ر خاچه‌كه‌ی دانا، نووسرابوو: (عیسای ناسیره‌یی، پاشای جوله‌كه‌.) 20 جوله‌كه‌یه‌كی زۆر ناونیشانه‌كه‌یان خوێنده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی عیسای تێدا له‌ خاچ درابوو له‌ شار نزیك بوو. به‌ عیبری و به‌ لاتینی و به‌ یۆنانی نووسرابوو. 21 كاهینانی باڵای جوله‌كه‌ به‌ پیلاتۆسیان وت: (مه‌نووسه‌: پاشای جوله‌كه‌، به‌خۆی وتی: من پاشای جوله‌كه‌م.) 22 پیلاتۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی نووسیومه‌، نووسیومه‌.) 23 كاتێك سه‌ربازه‌كان عیسایان له‌ خاچ دا، جله‌كانیان برد و كردیانه‌ چوار پارچه‌، بۆ هه‌ر سه‌ربازێك پارچه‌یه‌ك. كراسه‌كه‌شیان برد، كراسه‌كه‌ بێ دروومان بوو، له‌سه‌رڕا یه‌ك پارچه‌ چنرابوو. 24 بۆیه‌ به‌ یه‌كتریان وت: (با نه‌یدڕێنین، تیروپشكی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بۆ كێ ده‌بێت.) تاكو نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی كه‌ فه‌رموویه‌تی: {جل‌وبه‌رگه‌كه‌ی منیان له‌نێو خۆیان به‌شكرد و تیروپشكیان له‌سه‌ر به‌رگه‌كه‌م هاوێشت.} جا سه‌ربازه‌كان ئه‌مه‌یان كرد. 25 له‌لای خاچه‌كه‌ی عیسا، دایكی و پووری و مریه‌می ژنی كلۆپا و مریه‌می مه‌جده‌لی ڕاوه‌ستابوون. 26 كاتێ عیسا دایكی بینی و ئه‌و قوتابییه‌ش كه‌ خۆشی‌ده‌ویست له‌لای ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ دایكی فه‌رموو: (ژنه‌كه‌، ئه‌وه‌تا كوڕی تۆ.) 27 به‌ قوتابییه‌كه‌شی فه‌رموو: (ئه‌وه‌تا دایكی تۆ.) ئیتر له‌و كاته‌وه‌ قوتابییه‌كه‌ بردییه‌وه‌ ماڵی خۆی.

مردنی عیسا

28 دوای ئه‌مه‌، عیسا زانی ئه‌وا هه‌موو شتێك ته‌واو بوو و تاكو نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی، فه‌رمووی: (تینوومه‌.) 29 گۆزه‌یه‌كی پڕ له‌ سركه‌ دانرابوو، ئیسفه‌نجێكی پڕ له‌ سركه‌یان خسته‌ سه‌ر لقه‌ زوفایه‌ك و به‌رزیان كرده‌وه‌ بۆ ده‌می. 30 كاتێ عیسا تامی سركه‌كه‌ی كرد، فه‌رمووی: (ته‌واو بوو.) ئینجا سه‌ری دانه‌واند و ڕۆحی سپارد. 31 ئینجا جوله‌كه‌ داوایان له‌ پیلاتۆس كرد قاچی له‌خاچ‌دراوان بشكێندرێت و هه‌ڵبگیردرێن، چونكه‌ ڕۆژی ئاماده‌كاری بوو، ئه‌و شه‌ممه‌یه‌ ڕۆژێكی گه‌وره‌ بوو، تاكو ته‌رمه‌كان له‌ شه‌ممه‌دا له‌سه‌ر خاچ نه‌مێنن. 32 ئینجا سه‌ربازه‌كان هاتن و هه‌ردوو قاچی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م و ئه‌وی دیكه‌یان شكاند كه‌ له‌گه‌ڵ عیسادا له‌ خاچ درابوون. 33 به‌ڵام كاتێ هاتنه‌ لای عیسا بینییان وا مردووه‌، قاچییان نه‌شكاند. 34 به‌ڵام یه‌كێك له‌ سه‌ربازه‌كان ڕمێكی له‌ كه‌له‌كه‌ی دا، یه‌كسه‌ر خوێن و ئاو ده‌رچوو. 35 ئه‌وه‌ی بینی شایه‌تی دا، شایه‌تییه‌كه‌شی ڕاسته‌، خۆشی ده‌زانێت كه‌ ڕاست ده‌ڵێت، تاكو ئێوه‌ باوه‌ڕ بهێنن. 36 ئه‌مه‌ ڕووی‌دا تاكو نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی: {هیچ ئێسقانێكی ئه‌و ناشكێندرێت!} 37 نووسراوێكی دیكه‌ش ده‌فه‌رمووێ: {ته‌ماشای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕمیان لێداوه‌.}

ناشتنی عیسا

38 پاش ئه‌وه‌ یوسفی خه‌ڵكی ڕامه‌ كه‌ له‌ ترسی جوله‌كه‌ به‌ نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای له‌ پیلاتۆس كرد تاكو ته‌رمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئه‌ویش هات و ته‌رمه‌كه‌ی برد. 39 نیقۆدیمۆسیش هات، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جار به‌ شه‌و هاته‌ لای عیسا. له‌گه‌ڵ خۆی نزیكه‌ی سی لیتر موڕی تێكه‌ڵاو به‌ عودی هێنا. 40 جا ته‌رمه‌كه‌ی عیسایان برد و به‌ كه‌تان له‌گه‌ڵ بۆن پێچایانه‌وه‌، وه‌ك نه‌ریتی جوله‌كه‌یه‌ له‌ كفن كردن. 41 له‌و شوێنه‌ی عیسای تێدا له‌ خاچ درا باخچه‌یه‌كی لێ‌بوو، له‌ باخچه‌كه‌ش‌دا گۆڕێكی نوێی لێ‌بوو كه‌سی تێدا نه‌نێژرابوو. 42 له‌به‌ر ڕۆژی ئاماده‌كاری جوله‌كه‌ عیسایان له‌وێ دانا، چونكه‌ گۆڕه‌كه‌ نزیك بوو.

یه‌حیا 20

هه‌ڵستانه‌وه‌

1 له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌دا، هێشتا تاریك بوو، مریه‌می مه‌جده‌لی هاته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ و بینی به‌رده‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ گلۆر كراوه‌ته‌وه‌. 2 ئه‌ویش ڕایكرد و هاته‌ لای شیمۆن په‌ترۆس و ئه‌و قوتابییه‌ی دیكه‌ كه‌ عیسا خۆشی‌ده‌ویست، پێی‌ووتن: (گه‌وره‌یان له‌ گۆڕه‌كه‌دا بردووه‌ و نازانین له‌كوێ دایانناوه‌!) 3 ئینجا په‌ترۆس و قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ ده‌رچوون و هاتنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. 4 هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌ ڕایان ده‌كرد، به‌ڵام قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ پێش په‌ترۆس كه‌وت و زووتر گه‌یشته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. 5 دانه‌ویه‌وه‌ و بینی كه‌تانه‌كه‌ دانراوه‌، به‌ڵام نه‌چووه‌ ژووره‌وه‌. 6 ئینجا شیمۆن په‌ترۆس كه‌ دوای‌كه‌وتبوو هات و چووه‌ ناو گۆڕه‌كه‌، بینی كه‌تانه‌كه‌ دانراوه‌. 7 ده‌سته‌سڕه‌كه‌ش كه‌ به‌سه‌ری عیساوه‌ بوو له‌گه‌ڵ كه‌تانه‌كه‌ دانه‌نرابوو، به‌ڵكو به‌ جیا له‌ جێیه‌ك پێچراوه‌ته‌وه‌. 8 ئه‌وسا قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ش كه‌ یه‌كه‌م جار هاتبووه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ چووه‌ ژووره‌وه‌. بینی و باوه‌ڕی هێنا. 9 چونكه‌ هێشتا له‌ نووسراوه‌كان تێ‌نه‌گه‌یشتبوون كه‌ ده‌بێ له‌نێوان مردووان‌دا هه‌ڵستێته‌وه‌. 10 دواتر قوتابییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنی خۆیان.

عیسا بۆ مریه‌م ده‌رده‌كه‌وێ

11 به‌ڵام مریه‌م له‌لای گۆڕه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستا بوو ده‌گریا. كاتێ ده‌گریا بۆ گۆڕه‌كه‌ دانه‌ویه‌وه‌، 12 بینی دوو فریشته‌ به‌ جلی سپییه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی عیسای لێ دانرابوو دانیشتوون، یه‌كێك له‌لای سه‌ریه‌وه‌ ئه‌وی دیكه‌ له‌لای پێی. 13 پێیان وت: (خانم، بۆ ده‌گریێیت؟) پێی‌ووتن: (گه‌وره‌میان بردووه‌، نازانم له‌كوێ دایانناوه‌.) 14 كه‌ ئه‌مه‌ی وت ئاوڕی دایه‌وه‌، بینی عیسا ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ڵام نه‌یزانی عیسایه‌. 15 عیسا پێی فه‌رموو: (خانم! بۆ ده‌گریێیت؟ به‌دوای كێ‌دا ده‌گه‌ڕێیت؟) وایزانی باخه‌وانه‌كه‌یه‌، پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر تۆ بردووته‌ پێم بڵێ له‌كوێ داتناوه‌ تاكو بیبه‌مه‌وه‌.) 16 عیساش پێی فه‌رموو: (مریه‌م!) ئه‌ویش ئاوڕی دایه‌وه‌ و به‌ عیبری پێی‌ووت: (ڕابۆنی!)، واتا: مامۆستا. 17 عیسا پێی فه‌رموو: (ده‌ستم لێ مه‌ده‌، چونكه‌ هێشتا بۆ لای باوك به‌رز نه‌بوومه‌ته‌وه‌. به‌ڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: "من به‌رز ده‌بمه‌وه‌ بۆ لای باوكم و باوكتان، خودام و خوداتان.") 18 مریه‌می مه‌جده‌لی هات و به‌ قوتابییه‌كانی ڕاگه‌یاند: (گه‌وره‌م بینی!) ئه‌وه‌شی پێ‌ووتن كه‌ پێی فه‌رمووبوو.

ده‌ركه‌وتنی مه‌سیح بۆ قوتابییه‌كان

19 ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌ره‌تای هه‌فته‌، له‌ ترسی جوله‌كه‌كان ئه‌و شوێنه‌ی قوتابییه‌كانی لێ‌بوو ده‌رگاكانی داخرابوو، عیسا هات و له‌ناوه‌ڕاست‌دا ڕاوه‌ستا و پێی فه‌رموون: (سڵاوتان لێ بێت!) 20 كه‌ ئه‌مه‌ی وت، ده‌ستی و كه‌له‌كه‌ی پیشاندان، جا قوتابییه‌كان كه‌ خوداوه‌ندیان بینی دڵشادبوون. 21 ئینجا دیسان عیسا پێی فه‌رموون: (سڵاوتان لێ بێت! وه‌ك باوك ناردوومی، منیش ده‌تاننێرم.) 22 كه‌ ئه‌مه‌ی وت، فووی لێ‌كردن، پێی فه‌رموون: (رۆحی پیرۆز وه‌ربگرن. 23 ئه‌وه‌ی گوناهی ببه‌خشن، به‌خشراوه‌. ئه‌وه‌ی ڕایبگرن، ڕاگیراوه‌.)

ده‌ركه‌وتنی مه‌سیح بۆ تۆماس

24 به‌ڵام تۆماس كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌ به‌ دیدمۆس ناسراوبوو، كاتێ عیسا هات له‌گه‌ڵیان نه‌بوو. 25 قوتابییه‌كانی دیكه‌ پێیان وت: (گه‌وره‌مان بینی!) ئه‌ویش پێی‌ووتن: (ئه‌گه‌ر نیشانه‌ی بزماره‌كان به‌ ده‌ستیه‌وه‌ نه‌بینم، په‌نجه‌ نه‌خه‌مه‌ شوێنی بزماره‌كانه‌وه‌، ده‌ست له‌ كه‌له‌كه‌ی نه‌ده‌م هه‌رگیز باوه‌ڕ ناكه‌م.) 26 دوای هه‌شت ڕۆژ، قوتابییه‌كانی دیسان له‌ ژووره‌وه‌ بوون و تۆماسیش له‌گه‌ڵیان بوو، ده‌رگاكانیش داخرابوون، عیسا هات و له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌ستا، فه‌رمووی: (سڵاوتان لێ بێت!) 27 ئینجا به‌ تۆماسی وت: (په‌نجه‌ت بێنه‌ ئێره‌ و ده‌ستم ببینه‌، ده‌ستت بێنه‌ و له‌ كه‌له‌كه‌می بده‌. بێ‌باوه‌ڕ مه‌به‌ به‌ڵكو باوه‌ڕ بهێنه‌.) 28 تۆماس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌ی خوداوه‌ند و خودام!) 29 عیسا پێی فه‌رموو: (چونكه‌ منت بینی باوه‌ڕت كرد؟ خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌وانه‌ی نه‌یانبینی و باوه‌ڕیان‌هێنا.)

ئامانجی نووسینه‌كه‌ی

30 عیسا له‌به‌رده‌م قوتابییه‌كانی زۆر نیشانه‌ی دیكه‌ی كرد كه‌ له‌م په‌ڕتووكه‌دا نه‌نووسراوه‌. 31 به‌ڵام ئه‌مانه‌ی نووسراون تاكو باوه‌ڕ بهێنن كه‌ عیسا مه‌سیحه‌، كوڕی خودایه‌، تاكو به‌ باوه‌ڕهێنان به‌ ناوی ئه‌و ژیانتان هه‌بێت.

یه‌حیا 21

ده‌ركه‌وتنی عیسا له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌

1 دوای ئه‌مه‌ دیسان عیسا له‌ ده‌ریاچه‌ی ته‌به‌ریه‌ خۆی بۆ قوتابییه‌كان ده‌رخست، ئاوا خۆی ده‌رخست: 2 شیمۆن په‌ترۆس و تۆماس كه‌ به‌ دیدمۆس ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ نه‌سه‌نئیل كه‌ خه‌ڵكی قانای جه‌لیل بوو، هه‌روه‌ها كوڕه‌كانی زه‌بدی و دوو قوتابی دیكه‌ی ئه‌و پێكه‌وه‌ بوون. 3 شیمۆن په‌ترۆس پێی‌ووتن: (بۆ ڕاو ده‌چم.) پێیان وت: (ئێمه‌ش له‌گه‌ڵت دێین.) ئینجا ڕۆیشتن و سواری به‌له‌م بوون، له‌و شه‌وه‌دا هیچیان نه‌گرت. 4 كاتی به‌ره‌به‌یان، عیسا له‌سه‌ر كه‌ناره‌كه‌ وه‌ستا، به‌ڵام قوتابییه‌كان نه‌یانزانی ئه‌وه‌ عیسایه‌. 5 عیسا پێی فه‌رموون: (كوڕینه‌، هیچ ماسیتان پێ‌نییه‌؟) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (نه‌خێر.) 6 پێی فه‌رموون: (تۆڕه‌كه‌ هه‌ڵبده‌نه‌ لای ڕاستی به‌له‌مه‌كه‌، ده‌بیننه‌وه‌.) جا هه‌ڵیاندا و ئیتر له‌به‌ر زۆری ئه‌و ماسییانه‌ی تیای‌دا بوو نه‌یانتوانی ڕایكێشنه‌وه‌. 7 ئه‌و قوتابییه‌ی عیسا خۆشی‌ده‌ویست به‌ په‌ترۆسی وت: (ئه‌وه‌ خوداوه‌نده‌!) كاتێ په‌ترۆس بیستی (ئه‌وه‌ خوداوه‌نده‌،) خۆی به‌ جله‌كانی داپۆشی چونكه‌ ڕووت بوو، خۆی هه‌ڵدایه‌ ناو ئاوه‌كه‌. 8 قوتابییه‌كانی دیكه‌ به‌ به‌له‌مه‌كه‌ هاتن و تۆڕی ماسییه‌كه‌یان ڕاده‌كێشا، چونكه‌ له‌ وشكایی دوور نه‌بوون، ته‌نها دوو سه‌د باڵ. 9 كاتێ دابه‌زینه‌ وشكایی، بینییان وا خه‌ڵووز ئاماده‌ كراوه‌ و ماسی خراوه‌ته‌ سه‌ری له‌گه‌ڵ نان. 10 عیسا پێی فه‌رموون: (له‌و ماسییانه‌ بهێنن كه‌ ئێستا گرتتان.) 11 شیمۆن په‌ترۆسیش سه‌ركه‌وت و تۆڕه‌كه‌ی ڕاكێشایه‌ سه‌ر وشكانی، سه‌د و په‌نجا و سێ ماسی گه‌وره‌ی تێدابوو، له‌گه‌ڵ زۆریه‌كه‌شی تۆڕه‌كه‌ نه‌دڕا. 12 عیسا پێی فه‌رموون: (وه‌رن بخۆن.) ئیتر كه‌س له‌ قوتابییه‌كان نه‌ی‌وێرا پرسیاری لێ بكات: (تۆ كێیت؟) زانییان خوداوه‌نده‌. 13 عیسا هات، نانه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و پێی‌دان، ماسیه‌كه‌ش ئاوا. 14 ئه‌مه‌ سێیه‌م جاره‌ عیسا بۆ قوتابییه‌كان ده‌ركه‌وێت پاش هه‌ڵستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووان‌دا.

گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌ترۆس بۆ خزمه‌ت

15 دوای ئه‌وه‌ی نانیان خوارد عیسا به‌ شیمۆن په‌ترۆسی فه‌رموو: (شیمۆنی یۆنا، منت له‌وانه‌ خۆشتر ده‌وێت؟) پێی‌ووت: (به‌ڵێ خوداوه‌ند، ده‌زانیت خۆشم‌ده‌وێیت.) پێی فه‌رموو: (به‌رخه‌كانم بله‌وه‌ڕێنه‌.) 16 دیسان پێی فه‌رمووه‌وه‌: (شیمۆنی یۆنا، منت خۆش‌ده‌وێت؟) پێی‌ووت: (به‌ڵێ خوداوه‌ند، ده‌زانیت خۆشم‌ده‌وێیت.) پێی فه‌رموو: (شوانایه‌تی مه‌ڕه‌كانم بكه‌.) 17 سێیه‌م جار پێی فه‌رموو: (شیمۆنی یۆنا، منت خۆش‌ده‌وێت؟) په‌ترۆس دڵگران بوو، چونكه‌ سێ جار پێی فه‌رموو: (منت خۆش‌ده‌وێت؟) پێی‌ووت: (ئه‌ی خوداوه‌ند، هه‌موو شتێك ده‌زانیت. ده‌زانیت كه‌ خۆشم‌ده‌وێیت.) عیسا پێی فه‌رموو: (مه‌ڕه‌كانم بله‌وه‌ڕێنه‌. 18 ڕاستی ڕاستیت پێ ده‌ڵێم، كاتێ گه‌نج بوویت پشتێنه‌كه‌ت ده‌به‌ست و بۆ هه‌ر شوێنێك بتویستبووایه‌ ده‌ڕۆیشتی. به‌ڵام كاتێ پیر ده‌بیت ده‌ستت درێژ ده‌كه‌یت و یه‌كێكی دیكه‌ پشتێنه‌كه‌ت ده‌به‌ستێت و ده‌تباته‌ شوێنێك كه‌ ناته‌وێت.) 19 ئه‌مه‌ی وت وه‌ك ئاماژه‌كردنێك بۆ مردنی په‌ترۆس كه‌ خودا شكۆدار ده‌كات. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، پێی فه‌رموو: (دوام بكه‌وه‌!) 20 په‌ترۆس ئاوڕی دایه‌وه‌ و ئه‌و قوتابییه‌ی بینی كه‌ عیسا خۆشی‌ده‌ویست دوایان كه‌وتووه‌ - ئه‌وه‌ی له‌ كاتی شێوه‌كه‌ شانی به‌ سینگی عیسا دابوو، پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، كێیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ گرتنت ده‌دات؟) - 21 كاتێ په‌ترۆس ئه‌مه‌ی بینی به‌ عیسای وت: (خوداوه‌ند ئه‌ی ئه‌مه‌ چی لێدێت؟) 22 عیساش پێی فه‌رموو: (ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مێنێته‌وه‌ تاكو دێمه‌وه‌، به‌ تۆ چی؟ تۆ دوام بكه‌وه‌.) 23 ئیتر ئه‌م قسه‌یه‌ له‌نێو برایان وا بڵاو بۆوه‌ كه‌ ئه‌و قوتابییه‌ نامرێت. به‌ڵام عیسا پێی نه‌فه‌رموو كه‌ نامرێت، به‌ڵكو (ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مێنێته‌وه‌ تاكو دێمه‌وه‌، به‌ تۆ چی؟) 24 ئه‌مه‌ش ئه‌و قوتابییه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م شتانه‌ شایه‌تی ده‌دات و ئه‌م شتانه‌ی نووسیوه‌. ئێمه‌ش ده‌زانین شایه‌تییه‌كه‌ی ڕاسته‌. 25 زۆر شتی دیكه‌ هه‌یه‌ عیسا كردوویه‌تی، ئه‌گه‌ر یه‌ك له‌دوای یه‌ك بنووسرابووایه‌، وابزانم خودی جیهان جێگای ئه‌و په‌ڕتووكه‌ نووسراوانه‌ی تێدا نه‌ده‌بۆوه‌.